تەرمی د. فرسەت سۆفی گەیشتەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان
پاش ئەوەی بەیانیی دوێنێ لە نەخۆشخانەیەكی ئەنقەرە و دوای تێپەڕبوونی سی ڕۆژ بەسەر تووشبوونی بە پەتای كۆرۆنا، د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر كۆچی دوایی كرد، كەمێك لەمەوبەر، تەرمەكەی لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتەوە پایتەختی هەرێمی كوردستان.
فرسەت سۆفی (لەدایکبووی ١٩٧٨ لە گوندی گەزنەی سنووری قەزای چۆمانە) لە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٩ەوە پارێزگاری شاری ھەولێرە دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ھەڵبژێردرا.
فرسەت سۆفی دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی ھەیە و ماوەیەک لە زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی پۆلیتەکنیکیی ھەولێر مامۆستای زانکۆ بووە. لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندام پەرلەمان بووە. یەکەمین ئەندام پەرلەمانی کوردستانە کە مووچەی خانەنشینی ڕەتکردەوە و گەڕایەوە سەر کارەکەی پێشووی.
