زانکۆی سەلاحەددین بەشە ناوخۆییەکان دەکاتەوە و نابێت زیاتر لە دوو کەس لە ژوورێکدا بن

زانکۆی سەلاحەددین بەشە ناوخۆییەکان دەکاتەوە و نابێت زیاتر لە دوو کەس لە ژوورێکدا بن
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، ئەو ستافەی کار لەسەر جێبەجێکردنی رێنماییەکان بۆ کردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان دەکات راسپێردراون بۆ تەواوکردنی ئامادەکاری بۆئەوەی تاوەکو سەرەتای مانگی 12 بەشە ناوخۆییەکان بکرێنەوە.

پڕۆفیسۆر جەوهەر فەتاح سەعید، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین راگەیاند "یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی کوڕان و بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی کچان کار لەسەر رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەکەن، رەنگە هەفتەیەک بۆ نۆ رۆژی پێویست بێت، بەڵام راسپێردراون بۆ تەواوکردنی ئامادەکاری تاوەکو سەرەتای مانگی 12 بەشە ناوخۆییەکان بکرێنەوە".

سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین گوتیشی، تەنیا لە ماوەی 7 تاوەکو 12ی تشرینی دووەمی 2020 بەگشتی "100 قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرمان تووشی کۆرۆنا بوون، بۆیە لە کردنەوەی بەشی ناوخۆیی تەندروستی لەپێش هەموو شتێکەوەیە. نامانەوێت بەشە ناوخۆییەکان بکرێنەوە و پاشان بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆناوە دابخرێن".

بە گوتەی پڕۆفیسۆر جەوهەر فەتاح سەعید "کردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان مەرجدار دەبن، بەشە ناوخۆیی نادرێتە هەموو کەسێک، بەڵکو ئەوانەی میوانداری و ئەوانەی ناو پارێزگان و ئەو قوتابیانەشی لە کۆلیژە ئەدەبییەکان دەخوێنن و ئۆنلاین دەیانگرێتەوە، بەشی ناوخۆییان پێنادرێت، چونکە بەپێی رێنمایی تەندروستی نابێت لە دوو کەس زیاتر لە هەر ژوورێکی بەشی ناوخۆیی بێت، بەڵام جاران ژوورێک پێنج بۆ شەش قوتابیی لێبووە".

رۆژی سێشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2020 زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، بە جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان، لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمەوە (مانگی 12) بەشە ناوخۆییەکان بەپێی پێویستیی کۆلێژەکان دەکرێنەوە.

زۆربەی زانکۆکان لە 4-10-2020 دەستیان بە خوێندن کرد، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خوێندنیش بەشێوەی ئۆنلاین، ئەلیکترۆنی و خوێندن لەنێو هۆڵەکانی خوێندن ئەنجامدەدرێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی خوێندنەکەیان پراکتیکییە.

سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین باسی لەوە کرد، میوانداریکردنی ئەو قوتابییانەی میوانداری دەیانگرێتەوە، "دەبێت لەو شوێنەی هاتووە ئەگەر هەمان بەش هەبێت بچێت لە شوێنەکەی خۆی بخوێنێت و دوای ساڵەکە دەفتەر و بڕوانامەکەی بۆمان دێت و دێتەوە لەو زانکۆیەی ناوی هاتووەتەوە درێژە بە خوێندن دەدات".

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناوەندەکانی خوێندن لە سەرەتای ئەمساڵ داخران.
rudaw -
Top