ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك بڕیاری داوە یەكێك لە دێرینترین چایخانەكانی شارەكە بڕووخێنێت
لەمبارەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 18/11/2020، كامەران كەركووكی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و چاودێری بارودۆخی كەركووك، ڕایگەیاند: "نابێت هەموو شتێك لە شاری كەركووك بە بازرگانی بكرێت، باشترین ڕێگە ئەوەیە چایخانەی مەجیدیە نۆژەن بكرێتەوە، نەك بڕیار بدرێت بڕووخێندرێت و بكرێت بە شتێكی تر، لە پشتی ئەقڵیەتی بازرگانییەوە لەو شوێنانە گەندەڵی دروست دەبێت".
گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەو شوێنە بڕووخێندرێت و پێویستە كار بۆ ئەو مەبەستە بكرێت ئەو شوێنانە نەڕووخێندرێن و ئەو كارانە گەندەڵیشی بەدوادا دێت".
چایخانەی مەجدییە لە كەركووك و بەناوبانگترین و دێرینترین چایخانەكانی کەرکووک و شوێنێكی گرنگە لە ناوەندی كەركووك هەڵکەوتووە و هەموو پێكهاتەكانی شارەكە رۆژانە لەو چایخانەیە كۆ دەبنەوە و بەپێی زانیارییەكان بڕیارە بڕووخێندرێت و بدرێتە وەبەرهێنەر بۆ ئەوەی بكرێتە مۆڵ، ئەوەش ناڕەزایی خەڵكی لێ كەوتووەتەوە.
باسنیوز
