یەکخستنی پێناسی گومرگی زیانی بە بەشێک لە کاسبکاران گەیاندووە
سەنعان ستار، بازرگانی فەرش دەڵێت "ئێستا کە بازاڕ نییە، دەبوا زیاتر چاویان لە ئێمە بووایە، بەڵام دۆخەکە خراپتر بووە بۆ ئێمە، گومرگ نزیکەی 70% زیادیکردووە. پێشتر هەر تۆنی 110 دۆلار بوو، ئێستا 375 و 385 دۆلارە. پارەکە سەیارەیەک 20 وەرەقەی تەکلیف دەکرد ئێستا 80 بۆ 90. یەک ترێلە داخل دەبێت کرێی دەفتەرێک بۆ دەفتەرێک و 10 وەرەقە مەسرەفیەتی".
سەرەتای ساڵی 2019 بە بڕیاری دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق پێناسی گومرگی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەک سیستەم رێکخران و کاریان پێدەکرێت. یەکێتیی هاوردە و ناردەکارانی هەرێمی کوردستان تێبینییان لەسەر یەکخستنی پێناسی گومرگی هەیە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و ناردەکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "لە هەرێمی کوردستان ئەو یاسای یەکخستنی پێناسەی گومرگییە بەتەواوی جیبەجێ دەکرێت، بەڵام لە دەروازەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق جێبەجێ ناکرێت، وەکو بەسرە و شارەکانی دیکە. ئەمەش کاریگەریی دەکاتە سەر بازاڕ لە هەرێمی کوردستان".
ئێران و تورکیا دوو لایەنی سەرەکیی هاوردەکردنی فەرش و موکێتن. پشکی شێری هاوردەکردنی فەرش بەر ئێران و پشکی شێری هاوردەکردنی موکێتیش بەر تورکیا کەوتووە. ساڵانە بە بەهای نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار فەرش و موکێت هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لەم بڕە نزیکەی 50%ی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت.
لە ساڵی 2019دا 40 هەزار و 551 تۆن فەرش و موکێت هاوردە کراون، زۆرترینی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بووە کە 27هەزار و 668 تۆن بووە.
لە ساڵی 2020دا 16 هەزار و 552 تۆن فەرش و موکێت هاوردەکراون و دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، زۆرترینی لە دەروازی ئیبراهیم خەلیلەوە بووە کە هەشت هەزار و 295 تۆن بووە.
rudaw -
