پرۆژەی پردی دەربەندی رانیە - بنگرد کەوتە واری جێبەجێ کردنەوە
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، "ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و لەسەر زێی بچووک دروست دەکرێت، کە ئیدارەی راپەڕین بە پارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوە، درێژییەکەی 420 مەترە و بڕی 11 ملیار و 387 ملیۆن و 745 هەزار و 800 دیناری لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تەرخانکراوە".
ئەوەش خراوەتە روو، کە پردی ڕانیە - بنگرد دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی هاتوچۆ بۆ دانیشتووانی ناحیەی بنگرد کە ژمارەی گوندەکانی 45 گوندە بە ئیدارەی راپەڕینەوە، فەراهەمکردنی هاتوچۆی دانیشتوانی پشدەر بە پارێزگای سلێمانییەوە و هەروەها بەستنەوەی بە رێگای دووسایدی دەربەندی رانییە ژاراوە، کە یەکێک بوو لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن و لەسەرەتای ئەمساڵدا بەڕووی هاووڵاتییان و شۆفێراندا کرایەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، کە ئەم پرۆژەیە جگە لە ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و دیمەنێکی سەرنج راکێش، هاوکات لە ڕووی گەشتیارییەوە بایەخێکی زۆری هەیە و زۆرترین گەشتیار روو لە ناوچەکە دەکەن بەمەبەستی گەشت و سەیران، لەڕووی کشتوکاڵ و دارایی و بازرگانیشەوە بایەخی گرنگی هەیە و رێگای مەرزی کێلێ بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە.
باسنيوز
