کۆنفرانسى بەرنامە لەپێشینە ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوە دەچێت
ئەنجوومەنى بازرگانى ئەمریکى – عێراقى لە ژوورى بازرگانى ئەمریکى بە هەماهەنگى لەگەڵ نوێنەرایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بڕیارە هەفتەی داهاتوو بە شێوەی ئۆنلاین و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کۆنفرانسی بەرنامە لەپێشینە ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوە ببات.
بەپێی ئاگادارییەک کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە و وێنەیەکیشی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، کۆنفرانسى (بەرنامە لەپێشینە ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان دوای کۆڤید ١٩) کە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە دەچێت و پرسی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان دوای کۆڤید ١٩ تاوتوێ دەکات، بڕیارە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی هەفتەی داهاتوو بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە بچێت.
کۆنفرانسەکە بە بەشداریی بەرپرسانى باڵاى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى ئەمریکا و کۆمپانیا پێشەنگەکانى ئەمریکا کە کار و پڕۆژەى بازرگانیان لە هەرێمى کوردستان هەیە بەڕیوە دەچیت.
ئەو تەوەر و بابەتە سەرەکییانەى کە لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆىان لەبارەوە دەکرێت بریتین لە: گەشەى ئابوورى، دەرفەتەکانى وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، ئاسایشى خۆراک، داهاتووى شەراکەتى وزەى نێوان ئەمریکا و عێراق.
ڕۆژى یەکەمی کۆنفرانس دووشەممە ڕێکەوتى ٢٣/١١/٢٠٢٠ – ٩ی بەیانى تاکوو ١١:٣٠ بەیانى بە کاتى واشنتۆن کە دەکاتە٥:٠٠ ئێوارە تاکوو ٧:٣٠ی ئێوارە بە کاتى هەولێر.
ڕۆژى دووەمی کۆنفرانس سێشەممە، رێکەوتى ٢٤/١١/٢٠٢٠ – ٩ی بەیانى تاکوو ١١:٠٠ بەیانى بە کاتى واشنتۆن، کە دەکاتە ٥:٠٠ ئێوارە تاکوو ٧:٠٠ی ئێوارە بە کاتى هەولێر.
باسنيوز
