ھاوردە و ھەناردەکردنی زێڕ لە ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە
ھەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگرانی کوردستان ڕايگەیاند: "دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێک حکوومەتی عێراق ھاوردەکردن و ھەناردەکردنی زێڕی لە فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان و چەند شارێکی دیکەی عێراق قەدەغە کرد و بەدواداچوونمان کرد، دەرکەوت کە ھۆکارەکەی ئەوەیە پشکینینی زێڕ لەناو فڕۆکەخانەکان نییە، بەڵکوو لە دەرەوە و لە بەشی خشڵی کۆنتڕۆڵی جۆری دەکرێت".
گوتیشی: "دوای ئەوە لەڕێگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندارەکان داواکاری ھەڵوەشانەوەی بڕیارەکەمان دا بە بەرپرسانی بەغدا، ئەوان ڕەزامەند بوون ھەرکات بەشی پشکنین لەناو فڕۆکەخانەکان کرایەوە، ھاوردە و ھەناردەکردنی زێڕ لە ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە".
ھەندرێن وەرتی ڕوونیشی کردەوە :"ئێستا بەشی تایبەت بە پشکیننی زێڕ لەناو فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و ھەولێر کراونەتەوە و ئامێری پشکیننەکانیش کڕدراون و دوای ھەندی کاری ھونەری و دەرچوونی بڕیاری فەرمیی حکوومەتی عێراق، ھاوشێوەی پێشوو ھاوردە و ھەناردەی زێڕ لە فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە".
باسنيوز
