لە سنووری پشدەر چوار کەس بە دراوی ساختەوە دەستگیر کران

لە سنووری پشدەر چوار کەس بە دراوی ساختەوە دەستگیر کران
ئەمڕۆ دووشەممە ئاسایشی ڕاپەڕین لەلایەن هێزەکانی یاریدەدەرێتیی ئاسایشی قەڵازدێیەوە چوار تۆمەتبار دەستگیر کراون کە پارەی ساختەیان لە ئێرانەوە هێناوەتە نێو هەرێمی کوردستانەوە.

محەمەد فازڵ، گوتەبێژی ئاسایشی ڕاپەڕین،ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 16/11/2020، دوای وەرگرتنی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، هێزەکانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی قەڵادزێ دوو کەسیان لە دەروازەی قەڵادزێ دەستگیر کردووە کە بڕی ١٩ هەزار دۆلاری ئەمریکی ساختەکراویان پێ بووە، هەر دوو تۆمەتبارەکە دانیشتووی دەرەوەی سنوورەکەن".

گوتەبێژی ئاسایشی ڕاپەڕین گوتیشی: "دوای دەستگیرکردنیان و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە، دوو تۆمەتباری دیکەش دەستگیر کراون و دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا و ڕایان گەیاندووە کە پارە ساختەکەیان لە ئێرانەوە ھێناوە بەمەبەستی ساغکردنەوەی لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان.

محەمەد فازڵ، ڕاشی گەیاند: "تۆمەتبارەکان بەپێی مادەی (۲٨۱) لە یاسای سزادانی عێراقی و بە فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی پشدەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".












باسنیوز


Top