په‌رله‌مانتارێکی پارتی: گوتەبێژی حكوومەتی عێراق پەرلەمانتارە كوردە نەیارەكانی كوردستانی بەدرۆ خستەوە
لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام دەستەی پەرلەمانتارە كوردە نەیارەكانی هەرێمی كوردستان كە لە (سەركەوت شەمسەدین، ئەحمەد حاجی ڕەشید، غالب محەمەد، هۆشیار عەبدوڵا، كاوە محەمەد و چەند پەرلەمانتارێكیتر پێكهاتوون)، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە گوایە پابەندی ڕێككەوتنەكانی نییە لەگەڵ حكوومەتی عێراق. بەڵام شەوی رابردوو ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی حكوومەتی عێراق پابەندیی هەولێر و بەغدای بە ڕێككەوتنەكەی نێوانیان ڕاگەیاند.
لەمبارەیەوە مەیادە نه‌جاڕ، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “هەڵوێستی حكوومەتی عێراق له ڕێگەی گوتهبێژهکهیانهوه ده‌رخه‌ری ئه‌وه بووه که هه‌رێمی کوردستان پابه‌ند بووه به رێکكهوتنهکانهوه و دوای تێپەڕاندنی یاسای كورتهێنانی دارایی‌ش لە په‌رله‌مانی عێراق، هەرێمی كوردستان ئەو شتانەی كە پێویست بوون خستییە ڕوو، لەم ڕوانگەیەشەوە حکوومه‌تی عێراق لە ڕێی گوتەبێژەكەیەوە دووباره ئاماده‌یی خۆی بۆ ناردنی ٣٢٠ ملیار دیناره‌که دەربڕی هەرچەندە رێژه‌یه‌کی ره‌مزی و که‌مە بە بەراورد بە پشكی راستەقینەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق، بەڵام ڕێككەوتن لەسەر ئەو بڕە كراوە”.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەو كارەی لە پەرلەمانی عێراقدا كراوە بۆ دەسەڵاتی یاسادانانی عێراق جێگەی شەرمەزارییە، لە ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە وڵاتەكە دەخاتە دۆخێكی نائاسایی كە جیاكاری لە نێوان خەڵكی خۆیدا كردووە.
مەیادە نەجاڕ گوتی: “جێی سه‌رسوڕمان بوو، هێشتا لایه‌نی باش و خراپی یاساكە دەرنەكەوتبوو، هێشتا نه‌زانرابوو چی ڕووی داوە، هه‌ندێک له په‌رله‌مانتاره کورده‌کانی خۆمان له به‌غدا که‌وتنه وێزەی کوردستان و ده‌یان گوت خه‌تای ئێمه‌یه و پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبووین، تەنانەت له کاتی هاتنه ده‌ره‌وه‌مان له هۆڵی کۆبوونه‌وه‌ی پەرلەمانی عێراق، ئەو پەرلەمانتارانە خه‌ریک بوو په‌شیمان ده‌بوونه‌وه كە بچنه‌وه هۆڵی کۆبوونهوهكە، وایان ده‌زانی خه‌تای ئێمه‌یه، ئێستاش که به‌غدا ئامادەیە بەشە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بنێرێت و گوتەبێژی حكوومەت بەم جۆرە قسە دەكات، دەرخەری ئەوەیە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێككەوتنەكانی بووە و ئەو پەرلەمانتارانە بەدرۆ خراونەتەوە”.
دووپاتیشی كردەوە: “لەو پەرلەمانتارانە دەپرسین، ئەرێ ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێككەوتنەكانی نەبووبێت، چۆن گوتەبێژی حكوومەتی عێراق دەڵێت ئێمە پابەندین بە ڕێككەوتنەكانمان و پابەندین لەسەر ناردنی پارە؟ به راستی شه‌رمه نوێنه‌ری گه‌لێك، پشت لە گەلەكەی خۆی بكات و سەنگەری لێبگرێت”.
باس‌نیوز
