گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان: لەم نزیكانە شاندێكی حكوومەت سەردانی بەغدا دەكات
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رای گەیاند، ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، دەچێتە چوارچێوەی سزای سیاسییەوە، لە كاتێكدا ”ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ حكوومەتی عێراق هەیە لە ١٥ی ٨ی ٢٠٢٠، لەم نزیكانە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و لە ئایندەیەكی نزیكدا لە كات و ساتی سەردانەكە و ئەو كەسانەی بەشدار دەبن، ڕادەگەیەنین“.
لەبارەی قسەكانی گوتەبێژی حكوومەتی عێراقیش د. جووتیار عادل ئاماژەی بەوە كرد: ”سوپاسی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق دەكەین و دەستخۆشی لێدەكەین، قسەكانی هەمووی هەقن و ئەوە ئیلتزامێكە لە نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.“
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها باسی لەوە كرد كە بۆ بەشداریكردنی شاندی حكوومەت لە كۆبوونەوەی پەرلەمان، ”پێویستی بە دۆكیۆمێنت هەیە و حكوومەتی هەرێم سەرجەم دۆكیۆمێنتەكانی لەبەردەستدایە“.
لەبارەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانیش گوتی: ”وەزارەتی دارایی هەر لە سات و كاتی گەیشتنی ٣٢٠ ملیارەكە، ڕای دەگەیەنێت. هەر كاتێك پارەكە گەیشت، وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت“.
باسنيوز
