بۆچوونی بەشێک لە فەرمانبەرانی عێراق لەبارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

بۆچوونی بەشێک لە فەرمانبەرانی عێراق لەبارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
12ی تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسندکرد و حکومەتی عێراق پێدانی مووچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی راگەیاند.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاسای قەرزی بە "گەورەترین شکست" بۆ سیاسییەکانی عێراق ناوبرد.

پرسیاری لە بەشێک لە فەرمانبەرانی عێراقی کرد دەربارەی ئەوەی بۆچوونیان چییە لەسەر ئەوەی لە عێراق مووچە دابەشدەکرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا چاوەڕێی دابەشکردنی مووچەن؟

نورە جبوری، فەرمانبەر دەڵێت "ئێمە ئەو مانگەمان تێپەڕاند بەڕاستی زۆر ھەستمان بە معانات کرد، خودا ھاوکاریی فەرمانبەرانی ھەرێم بکات کە ھێشتا مووچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە، بۆیە ھیوادارین حکومەتی عێراق ئەو بابەتە ببینێت، لەبەرئەوەی ئێمەی فەرمانبەران چینێکین لەسەر مووچە دەژین".

ئەحمەد خالید فەرمانبەرێکی دیکەی عێراقە و دەڵێت "دەزانن کە سامانی سرووشتی ھی ھەموو گەلە، بەتەنیا موڵکی پارێزگایەک نییە، بۆیە لێرەدا پابەندی ھەیە بەرامبەر حکومەتی ناوەندی، پێوستە لەسەر ھەرێم بەرپرسیارێتیی ھەبێت، رادەستی بکات تاوەکو دادپەروەری بێتە کایەوە".

هەر لە وەڵامی هەمان پرسیاردا، فەرمانبەرێکی دیکەی عێراقی بەناوی رەحیم موسەوی گوتی "سیاسەتی ھەڵە ھەیە لەنێوان کوردستان و بەغدا پەیڕەو دەکرێت، قوربانی لێرەدا گەلە، گەلی کورد و گەلی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە ئەو بڕیارانەی بەم دواییە دەرچوون لە پەرلەمان بە بۆچوونی من ئەرێنی بوون، ھەروەھا لە بەرژەوەندیی گەلی کوردە نەوەک لە بەرژەوەندیی سیاسییەکان".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان بە هەموو جۆرێک ئامادەیە لەسەر هەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ و رێککەوتن بکات و گوتی "کاتی ئەوە هاتووە بەغدا شێوازی مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگۆڕێت".

دەربارەی تێکەڵکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پرسیاری ئەوەی لە بەشێک لە فەرمانبەرانی عێراق کرد، بۆچوونیان چییە لەسەر تێکەڵکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا؟

نورە جبوری گوتی "ئەوە ململانێی سیاسییە، ئێمە تاوەکو ئێستا تێناگەین ئەم ململانێ سیاسییە لەپێناو چییە، لە چوارچێوەیەکدا دێن و دەچن، دەگەڕێنەوە سەر بڕینی مووچەخۆران، کە چینێکی ئاسایی و ھەژاری کۆمەڵگەیە، بۆیە خەڵک پەیوەندیی نییە بەو بازنەی سیاسییە".

ئەحمەد خالد باس لەوە دەکات "لەڕاستیدا پرسەکە ئەوە نییە کە مووچەی فەرمانبەران تێکەڵکرابێت بە ململانێی سیاسییەوە، هێندەی ئەوەی بۆشاییەکی گەورە ھەیە لەنێوان ھەرێم و ناوەند، ئەمە لە ئەنجامی خەڵکدا دروست نەبووە، بەڵکو ئەنجامی سیاسەتکردنی ھەڵەی نوێنەرانی ھەرێمە".

رەحیم موسەوییش گوتی "من دەڵێم دەبێت کێشەکان بە تێگەیشتن لەیەک چارەسەر بکرێن لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ، ھەرچەندە پێشتر چەندین دەستپێشخەری ھەبوون، بەڵام نەگەیشتووەتە چارەسەر، پێویستە ھەر لایەنێک لە داواکانیان بێنە خوارەوە لەپێناو ئەوەی بگەنە چارەسەری کۆتایی".

rudaw -
Top