لە هەولێر هاوکاریى مادى بەسەر 49 هەزار خێزانى کەمدەرامەتدا دابەش دەکرێت
یووسف چاوشین، بەڕێوەبەرى گشتیى چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتىی هەولێر رايگەیاند: "بە بڕیارى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران دەست بە دابەشکردنى هاوکاریى مادى ژمارەیەک خێزانى هەژار و کەمدەرامەت دەکرێت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، ئەو خێزانانەى کە بارى داراییان باش نییە و ناتوانن بژیوى رۆژانەیان دابین بکەن، یان بێسەرپەشت و خاوەن پێداویستى تایبەتن، پێشتر لەلایەن لێژنەى تایبەتەوە ناونووس کرابوون".
راشی گەیاند: "هاوکارییەکە بۆ هەر خێزانێک بڕى 100 هەزار دینارە و لە سنوورى پارێزگاى هەولێریش 49 هەزار خێزان لەو هاوکارییە سوودمەند دەبن، سەرجەم رێکارەکان کۆتاییان پێ هاتووە و ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنى دەکرێت ".
یووسف چاوشین، ئاماژەى بەوەش کرد: "چەند بانکێک لە ناوشارى هەولێر دەستنیشان کراون بۆ دابەشکردنى هاوکارییەکە بەسەر ئەو خێزانانەى سوودمەند دەبن و مەرجەکان دەیانگرێتەوە و ئەمەش لەمیانەى ئەو هاوکارییان دێت کە حکوومەتى هەرێمی کوردستان پێشکەشى خێزانە کەمدەرامەتەکانى کرووە، کە بەهۆى کۆرۆناوە بێکار ماونەتەوە".
باسنيوز
