محەمەد ساڵح بەرزنجی: كورد دەتوانێ ڕیفراندۆم كارا بكاتەوە و سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەیەنێت
محەمەد ساڵح بەرزنجی، نووسەر و چاودێری سیاسی ڕايگەیاند، بڕیاری بڕینی بەشەبودجەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە، بڕیارێکە دژی گەلی کورد دراوە و پێویستە گەلی کورد دژی ئەو بڕیارە دوو ھەنگاو بنێت، یان لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی ئەنجۆم بدات، یان کورد لە بەغدا بە سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە، بەغدا چۆڵ بکەن بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان، بۆئەوەی دەست بکەین بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆی کوردستان.
ڕوونیشی كردەوە، پێشتر بەغدا بەڵێنی ئەوەی داوە تا كۆتایی ٢٠٢٠، ھەموو مانگێک بڕی ٣٢٠ ملیار دینار وەکوو مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، لەبەرامبەردا ھەرێمی كوردستانیش هەندێك پابەندی هەبێت، باشترە ئەمجارە حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاگاداریی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی جیھان ڕێککەوتنێکی چارەنووسساز لەگەڵ عێراقی فیدراڵ بکات، بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شاھێدی ڕێککەوتنەکە بن و چیتر کێشە بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دروست نەکرێت.
لە كۆتاییشدا ئەو نووسەرە نەیشاردەوە كە ”كورد پشت و پەنای نییە، لە کاتی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتبەردا بەدیار چاوی ئەمریکاوە کورد لەناو برا، کەواتە کورد بێ پشت و پەنایە، بەڵام باشترین ڕێگا چارە ئەوەیە ھەرێمی كوردستان و بەغدا ڕێكبكەون، ئەگەر سەرکردایەتیی سیاسیی کوردیش متمانەی بە ڕێککەوتنی بەغدا نییە و ڕێگەی ڕێككەوتن شكستی هێناوە، بەڵگەنامەی ڕێفراندۆم کارا بکەنەوە و سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنن“.
باسنيوز
