عوسمان بایدەمیر دوای پێنج ساڵ نهێنییەکی ئاشكرا كرد

عوسمان بایدەمیر دوای پێنج ساڵ نهێنییەکی ئاشكرا كرد
عسمان بایدەمیر ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپە، كە توركیای بە یەكجاری بەجێ هێشتووە و ئێستا لە بەریتانیا نیشتەجێیە، دوای ٥ ساڵ لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ ئاشكرای دەكات، ئەوان وەكوو هەدەپە داوایان لە ئاكەپە كردووە بچنە ناو حكوومەتی هاوپەیمانییەوە، بەو مەرجەی پرسی چارەسەری بەردەوامی هەبێت، بەڵام داواكەیان رەت كراوەتەوە.

عوسمان بایدەمیر كە سیاسییەكی بەناوبانگی باكووری كوردستانە و لە هەمانكاتدا ئەندام پەرلەمانی توركیایە، لە دیمانەیەكدا بۆ ئاژانسی (دیكەن)ی توركی، چەندین پرسی گرنگی وروژاندووە.

بایدەمیر ئاماژەی بەوە داوە گرنگترین قۆناغی كۆماری توركیا بوونی پرسی چارەسەری بوو، چونكە بۆ یەكەمجار بوو كورد زەمینەی بۆ رەخسا تا بەبێ شەڕ و بە شێوەیەكی ئینسانی و لەڕێگەی دیالۆگەوە كێشەكانیان چارەسەر بكرێت.

ئەو دەڵێت: "هوەدەپە لەو سەردەمەدا لەدایك بوو، چونكە كاتێك بەربەستی هەڵبژاردنی شكاند سەردەمی كۆتایی هاتنی شەڕ بوو و ئەمەش وای كرد كەشوهەوایەكی باش بخولقێت. یەكێك لە هاووڵاتییە كوردەكان كە لە بەشی ئەورووپای توركیا دەژیا گوتی “٧٠ ساڵە درۆمان لەگەڵدا دەكەن، چونكە ئێمەی كورد دەتوانین بە یەكەوە بژین".

بایدەمیر هەموو ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە، كە دەڵێن هەدەپە و سەلاحەدین دەمیرتاش بەتەواوی رەتیان كردبووەوە لە دوای هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیران بچنە ناو حكوومەتی هاوپەیمانییەوە لەگەڵ ئاكەپەدا.

بۆیە لەو ڕووەوە گوتی: "ئێمە وەكوو هەدەپە كۆ بووینەوە كە دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ و پەروین بوڵدان و چەند ئەندام پەرلەمانێكی تر بوو، بڕیارمان دا نوێنەرێكی خۆمان بنێرینە لای ئەردۆغان و جەلال دۆغانمان هەڵبژارد. ئێمە بۆ ئەوەی پرۆسەی پرسی چارەسەری كۆتایی پێ نەیەت ئەو هەنگاوەمان نا و لەڕێگەی دۆغانەوە بە ئەردۆغانمان گوت، لەگەڵ جەهەپە حكوومەت پێك بهێنن ئێمە پاڵپشتین، ئەگەر ئەوەش ناكەن حكوومەتی كەمینە پێك بهێنن ئێمە پاڵپشتین تەنیا شەڕ روو نەدات و پرسی چارەسەری درێژەی هەبێت. هەروەها گوتمان وەكوو هەدەپە ئەگەر ئەو دوو رێگەیە رەت دەكەنەوە، ئێمە وەكوو هەدەپە ئامادەین حكوومەتی هاوپەیمانیتان لەگەڵ پێك بهێنین، تەنیا ئێوە پرسی چارەسەری درێژە پێ بدەن. ئاشكراشە ئەو وەڵامەی وەرمانگرتەوە ئێستای توركیایە".

عوسمان بایدەمیر، بەهۆی ئەوەی سزای زیندانیكردنی لە دادگای توركیا بۆ بڕاوەتەوە بەهۆی ئەوەی بە نهێنی كاری بۆ پەكەكە كردووە، بۆیە ئەویش بە یەكجاری توركیای بەجێ هێشت و لە بەریتانیا نیشتەجێیە.




باسنیوز
Top