موسەننا ئەمین: دەرفەتی رێککەوتن هەیە؛ یاسای بودجە بڕی نەوتی رادەستکراوی دیارینەکردووە

موسەننا ئەمین: دەرفەتی رێککەوتن هەیە؛ یاسای بودجە بڕی نەوتی رادەستکراوی دیارینەکردووە


یاسای کورتهێنانی دارایی عێراق و تێپەڕاندنی یاساکە بەبێ خواستی کورد لە پەرلەمانی عێراق، سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا کۆدەکاتەوە. موسەننا ئەمینیش دەڵێت، یاساکە هیچ بڕێکی نەوتی رادەستکراوی بۆ هەرێمی کوردستان دیاری نەکردووە، ئەوەش دەرفەتە بۆ رێککەوتن.

کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت کە لە یاساکەدا جگە لەوەی هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دیاری نەکرا، هیوای هاتنی ئەو 320 ملیار دینارەی نەهێشت کە بڕیار بوو تا کۆتایی ساڵ مانگانە بۆ هەولێر بنێردرێت.

مامەڵەکردن بە کۆدەنگی و یەکریزی لەگەڵ واقیع ئەو چارەسەرەیە کە سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبوونەوەکەدا دەیخاتەروو.

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، "سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و هەموولایەنەکان لە روانگەی پەرۆشییان بۆ خەڵک دەبێت ئەو بابەتە بە هەند وەربگرن، مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا بکەن. دەبێت بە یەکەوە گفتوگۆ بکەین کە چارەسەرەکان چین. ئێستا لە عێراق مووچەخۆرێک دوو مووچە بەیەکەوە وەردەگرێت، بەڵام مووچەخۆرێکی هەرێمی کوردستان چارەنووسی مووچەکەی دیار نییە."

نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە لایەنە جیاوازەکان هێشتا دەروازەی گەڕانەوە بۆ بەغدا بە کراوەیی دەهێڵنەوە، چونکە لە یاساکەدا دیاری نەکراوە کە کورد چەند نەوت رادەستی سۆمۆ بکات. ئەوەش ئاسانکارییەکە بۆ رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە کاتێکدا لە 18ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی ئامادەیی بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەربڕیوە کە مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات، بەڵام ئەوە بۆ ساڵی 2021. بۆیە داوادەکرێت هەمان رێککەوتن بکرێتە بنەما بۆ کۆتایی ساڵی 2020.

هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و ئەندامی پەرلەمانی عێراقگوت، "بۆ نەوت دەتوانرێت لەگەڵ سۆمۆ رێککەوتن بکرێت، چونکە هیچ رێژەیەک دیاری نەکراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەوە بکات. دوای ئەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆبکات و دەتوانرێت بە ماوەیەکی کەم کە هەفتەیەک زیاتر نەبێت، چارەسەر هەبێت و خەڵک ئەو سێ مانگە زەرەر نەکات تاوەکو بودجەی ساڵی 2021."

دوو رۆژ دوای داواکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ کۆدەنگی، 10 پەرلەمانتار لە فراوکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، نەوەی نوێ و سەربەخۆکان کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و لایەنەکان بە پێویست نازانن و داوای چارەسەری دیکە دەکەن.

موسەننا ئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە راگەیاند، "جێگرەوەی ئێمە ئەوەیە بە پەلە شاندی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کە دۆستی کوردە لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ گفتوگۆبکات و لەسەر رادەستکردنی رێژەیەک لە نەوت رێکبکەوێت، چونکە یاساکە هیچ بڕێکی دیاری نەکردووە، ئەوش دەرفەتە بۆ رێککەوتن و سەرئەنجام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی داهاتە بۆ خەڵکی خۆی دەستەبەری بکات."

لە کۆی 329 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق، کورد خاوەنی 58 پەرلەمانتارە و کەمینەیە. یەکێک لە بنەماکانی دروستکردنەوەی عێراق لەدوای رژێمی بەعس سازان و هاوبەشی و هاوسەنگییە، بەڵام خەریکە ئەو بنەمایە لە عێراق باوی نامێنێت و کورد وەک فراکسیۆنێک سەیردەکرێت.
rudaw -
Top