بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر: 25 پرۆژەی کارەبا کەوتوونەتە واری جێبەجێکردنەوە

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر: 25 پرۆژەی کارەبا کەوتوونەتە واری جێبەجێکردنەوە
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر ئاشکرای کرد 25 پڕۆژەی کارەبا لە سنووری پارێزگای هەولێر بە گوژمەی 127 ملیار دینار کەوتوونەتە واری جێبەجێکردنەوە و ئێستا کاریان تێدا دەکرێت.

حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر، ڕایگەیاند: "25 پڕۆژەی کارەبا لە سنووری هەولێر کەوتوونەتە واری جێبەجێکردنەوە و ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، بەشێکی زۆریشیان ئەو پڕۆژانەن کە ساڵانی ڕابردوو بڕیاری جێبەجێکردنیان دراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتواندراوە تەواو بکرێن و هەر یەکەیان بەشێکی کارەکانیان تەواو کراوە و ڕاگیرابوون، بەڵام بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لەم کابینەیەدا گرنگییەکی زۆر بە چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبا دەدرێت، ئەو پڕۆژانە بودجەیان بۆ تەرخان کرایەوە کە بڕی 127 ملیار دینارە".

گوتیشی: "هاوکات ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی وەکوو تەواوکەری پڕۆژەکانی ڕابردوو لەلایەن حکوومەتەوە بودجەیان بۆ دابین کراوە و گرێبەستیان بۆ دەکرێت کە بەم نزیکانە تەواو بکرێن، لەوانەش سێ پڕۆژە تەواو بوون و ئەوانەی دیکەش بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت".

بەڕێوەبەری کارەبای هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد: "پڕۆژەکان دەکەونە ناو شاری هەولێر و دەوروبەری سنووری هەولێر، هەروەها بە شێوەی تێکەڵ و جۆراوجۆرن، لەوانە وێستگەی مۆبایل و وێستگەی جێگیر و ڕاکێشانی ھێڵی کارەبا و گۆڕینی محاویلەیە لە گەڕەک و قەزا و ناحیەکانی سنووری هەولێر".

حوسێن حەمەد ڕاشی گەیاند: "تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە سوود و گرنگییەکی زۆریان بۆ دانیشتوانی هەولێر دەبێت و تا ڕادەیەکی زۆر کێشەی کەمی و نەبوونی کارەبا لەو ناوچانە چارەسەر دەکات کە پڕۆژەکانیان تێدا دروست دەکرێت".










باسنیوز


Top