پەرلەمانتارێک: هێشتا لە عێراق كولتووری بەعس بەرامبەر كورد پەیڕەو دەكرێ

پەرلەمانتارێک: هێشتا لە عێراق كولتووری بەعس بەرامبەر كورد پەیڕەو دەكرێ
پەرلەمانتارێكی كوردستان، پێی وایە هەرچەندە رژێمی بەعس رووخاوە، بەڵام هێشتا پەیڕەوی هەمان فەرهەنگی نكۆڵیكردنی كورد و "پەراوێزخستنی مافەكانمان و هەوڵی شكاندنی شكۆی مرۆڤی كورد" دەكرێت.

ئەمڕۆ شەممە 14/11/2020، وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، راگەیاند، ئەمە جاری یەكەم نییە خەڵكی كوردستان رووبەڕووی گووشار و سزای سیاسی دەبێتەوە، بۆیە تێپەڕاندنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی بەبێ رەچاوكردنی بنەماكانی شەراكەت و رێككەوتنی لایەنەكان، لەگەڵ ئەوەی پێچەوانەی هەموو بنەما یاسایی و دەستورییەكانە، لەهەمان كاتیشدا شتێكی تازەو نوێ نییە، بەڵكو درێژە پێدانی سیاسەتەكانی رابردوویانە دژی گەلی كوردستان.

ئاماژەی بەوەش كرد، راستە رژێمی بەعس رووخاوە بەڵام "هێشتا پەیڕەوی لەهەمان فەرهەنگی ئینكاری تاكی كورد و پەراوێزخسنی مافەكانمان و شكاندنی شكۆی مرۆڤی كورد دەكرێت و بەتێڕوانینی سەرانی بەعس بیردەكەنەوە"، كە بە پێی یاسا نابێت هیچ كاتێك باروگوزەرانی ھاووڵاتیان و مووچەی فەرمانبەران وەك چەكێك لە دژی خەڵكی كوردستان بەكاربهێنرێت.

گوتیشی، هەرچەندە ئەو تەنگپێهەڵچنین و شەڕفرۆشتنە نابنە هۆی شكاندنی ئیرادەی كوردستانیان، بەڵكوو زیاتر وەك جەنگێكی دەروونی سەیری دەكرێت، بۆیەش گرنگە لەژێر روشنایی ئەم هەڵوێستە پڕ لەرق و كینەی لایەنەسیاسیەكانی عێراق لە شیعەو سوننەوە هەڵوەستەێك بكەین و دڵنیایان بكەینەوە كە هیچ كات كێشەكانی (عێراق ـ كوردستان) بە كارتی فشار چارەسەر نابن، بەڵكوو پێویستە لە رێگای دیالۆگ و لێكتێگەیشتن لەسەربنەمای دەستوور هەوڵی چارەسەری كێشەكان بدەن".

ئەوەشی خستەڕوو، بەم خەنجەر وەشاندنەیان لەپشتی گەلی كوردستان، جارێكی تر برینەكانیان قووڵتركردنەوە، چونكە لەدەستووری هەمیشەیی عێراقدا ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم جێگیركراون، بۆیەش هەر گووشار و پیلانگێڕییەك بۆسەر هەرێمی كوردستان، جگە لە پێشێلكردنی دەستوور، مەترسییەكی گەورەشە بۆسەر ئاییندەی عێراق، چونكە قەوارەی هەرێمی كوردستان كیانێكی یاسایی - دستورییە و بەخوێن و قوربانیدان بەرهەم هاتووە، بۆیە پەراوێزخستنی مافەكانی كورد دەرئەنجامێكی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە".

ئەو لایەنەشی فەرامۆش نەكرد، كە لەهەمووی گرینگتر یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی فراكسیونە كوردستانییەكان بوو، دژ بەو پیلانەی بەرامبەر بە خەڵكی هەرێمی كوردستان كرا، كە بەدڵنیایەوە دەستكەوتی گەورە و بەرهەمداری لێ دەكەوێتەوە، چونكە ئەزموونی رابردووش دەریخست هەركاتێك كورد، یەكڕیز و یەكهەڵوێست بووبێت توانیویەتی دەستكەوتی گەورە بەدەست بهێنێت، وێڕای ئەوەی لەسەر ئاستی دەرەوەش پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات.








باسنيوز
Top