هاوژینی پیاوێک کە نەخۆشیی دڵی هەیە: دەچێتە دەرەوە و دێتەوە، لە دوورەوە هاواردەکات فریامکەوە

هاوژینی پیاوێک کە نەخۆشیی دڵی هەیە: دەچێتە دەرەوە و دێتەوە، لە دوورەوە هاواردەکات فریامکەوە
مەزهەر، باوکی سێ منداڵە، بەهۆی قورسیی نەخۆشییەکەیەوە ناتوانێت هیچ کارێک بکات، ئەگەر یارمەتیی دراوسێ و دەوروبەری نەبێت، پارەی ژەمە نانێکیشیان بۆ پەیدانابێت.

مەزهەر عەلائەدین نەخۆشە و دەڵێت "جاری وا هەیە تەندروستیم زۆر زۆر خراپە، چونکە دڵم گەورە بووە، جاری وا هەیە بە دانیشتنەوە یان هەر راشبکشێم هەناسەم سواردەبێت، تەنیا کێشەی سەرەکیم عارەقکردنەوەیە، بە دانیشتنیشەوە هەر عارەق دەکەمەوە، بارودۆخمان زۆر خراپ بووە، بە حوکمی ئەوەی کاسبی ناکەم و ناتوانم کاسبی بکەم".

ژوور و دەرەوەی ماڵی مەزهەر تێکەڵ بە هەژاری بووە. ماڵێکی سارد و سڕ و بێبەش لە زۆربەی پێداویستییەکان، تەنانەت بێبەش لە خۆراکی رۆژانەش. بەهۆی نەخۆشییەکەی مەزهەرەوە ئەم خێزانە نەیانتوانیوە ژیان و توانای ماددییان بەرەوپێش ببەن، کە منداڵەکانیان دەدوێنیت سەروبنی قسەیان هیوایە بۆ چاکبوونەوەی باوکیان. هاوژینەکەیشی لەگەڵ هەڵگرتنی ئەو خەمە قورسە شانی داوەتە بەر ژیان.

ژیان جەمال، هاوژینی مەزهەر دەڵێت "ژیان چۆن بەڕێوەدەچێت کاسبکارێکت نەبێت لە ماڵەوە، ئەو بەردەوام لە ماڵەوەیە و نەخۆشە، جاری وا هەیە دەچێتە دەرەوە و دێتەوە هیلاک دەبێت، لە دوورەوە هاواردەکات ژیان فریامکەوە، ئیدی هەموو گیانی دەبێتە ئاو و عارەقە دەکات. بە عیلاجەکانی ماوە، ئیدی هەموو ئەرکێک لەسەر شانی خۆمە، ماڵەوە، منداڵ، بازاڕ و هەموو شتێک".

ژالیا مەزهەر، کچی مەزهەرە و دەڵێت "دەمەوێت سەرۆکی هەرێم شتێک بۆ باوکم بکات کە باوکم چاکبێتەوە و ژیانێکی بەختەوەرمان هەبێت.. نەخۆشە باوکم".

دکتۆر کاوە وسو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ ئاماژە بەوە دەکات "بۆ دوایین جار کاک مەزهەرم بینی، بینیم کە توانای ماسوولکەکانی دڵی 33 بۆ 34%ـە، نیشانەیەکی زۆری هەناسە تووندیی هەیە کاتێک کەمێک بڕوات و ماندوو ببێت هەناسەی تووند دەبێت، شەوانە کە پاڵدەکەوێت هەناسەی تووند دەبێت، ئەوەش هەموو نیشانەکانی لاوازیی ماسوولکەی دڵە"، نەخۆشەکە پێویستی بە چاندنی دڵە و ئەو پسپۆڕەش دەڵێت "ئەمە بە دڵنیایەوە بڕیارێکی قورسە، ئەوە لە وڵاتانی دراوسێمان لە هیچی ناکرێت، تەنها وڵاتە ئەوروپییەکان و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی تایبەت دەکرێت، وەکو ئاگاداربم لە هیندستانیش دەکرێت، بەڵام ئەوە دەبێت تیمێک بڕیاری لێبدات".

زیاتر لە چوار ساڵە مەزهەر لەگەڵ نەخۆشی دەست و پەنجە نەرمدەکات، کرێچین و نەخۆشییەکەی هێندە نەبوونی کردوون بۆ کرێ خانووش کێشەیان هەیە. مەزهەر بە رووداوی گوت، پێی گوتراوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی لە دەرەوەی وڵات پێویستی بە نزیکەی 90 هەزار دۆلارە.

rudaw-
Top