پەرلەمانتارێكی پارتی بۆ پەرلەمانتارە كوردە نەیارەكانی كوردستان: بەغدا دەیەوێ كوردان وەك ئێوە خۆبەدەستەوە بدەن

پەرلەمانتارێكی پارتی بۆ پەرلەمانتارە كوردە نەیارەكانی كوردستان: بەغدا دەیەوێ كوردان وەك ئێوە خۆبەدەستەوە بدەن
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە توندی ڕەخنەی لەو ئەندامە كوردانەی پەرلەمانی عێراق گرت كە بە نەیاریكردنیان بۆ هەرێمی كوردستان وایانكرد پەرلەمانی عێراق بڕیارێكی توند لە دژی مووچەخۆرانی كوردستان بدات و رای گەیاند: ”بەغدا دەیەوێت هەموو كورد وەك ئێوە خۆبەدەستەوە بدەن“.

به‌همه‌ن كاك عه‌بدوڵا، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ له‌ په‌رله‌مانى عێراق ڕووی دا، كارێك بوو دژى ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بوو، ”من لێره‌وه‌ ته‌نها پرسیارێك بۆ جاش په‌رله‌مانتار و جاش قه‌ڵه‌مه‌كان، ئه‌وانه‌ی بیانوو دێننه‌وه‌ بۆ بڕینی ۳۲٠ ملیاره‌كه‌ له ‌لایه‌ن شیعه‌ و سوننه‌ی شۆڤێنی، گریمان ئێوه‌ ڕاست ده‌كه‌ن و ئاغاكانتان لەسەر مافن، هه‌رێمی كوردستان نه‌وت نادات بۆیه‌ ئه‌وان بودجه‌ نانێرن، ئه‌رێ به ‌خه‌ڵكی كوردستان بڵێن پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران له‌ ساڵی ۲٠۱٤ ه‌وه تا ئێستا چ په‌یوه‌ندییه‌كی به ‌نه‌ناردنی نه‌وته‌وه‌ هه‌یه؟ جووتیار گه‌نمی خۆی داوه‌ته‌ حكوومه‌ت، ئه‌ی پاره‌ی گه‌نمه‌كه‌ی بۆچی پێ ناده‌ن؟“.
ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە بەغدا و عەرەبە شۆڤێنییە سوننە و شیعەكانی عێراق دەیانەوێت هەموو كورد ”وەك ئێوە چۆكیان بۆ دابدەن و ئیرادەیان بشكێ و كەرامەتی خۆیان ڕادەست بكەن“. جەختیشی كردۆتەوە: ”لە مێژووی كورددا هیچ جاشێك بەقەد ئێوە قێزەون نەبووە و نابێت“.
ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەوانەی لە بەغدا ئەم بڕیارەیان دژی كوردستان داوە، ”ئەگەر هەمان هێزی سەدامیان هەبوایە، لەو پیستر ئەنفال و كیمیاباران و تەعریبی كوردیان دەكرد، ئەگەر لە پردێ و سحێلا كەرامەتیان نەشكێندرایە، ئێستا دەتانزانی ئەمانە و بەعس چ جیاوازییان هەیە“.
ئەمە لە كاتێكدایە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی ١١ی ٢٠٢٠، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای قەرزی پەسەند كرد و تێیدا ڕەچاوی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای نەكرد و ئەو ٣٢٠ ملیار دینارەی بڕی كە بڕیاربوو حكوومەتی عێراق مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت.












باسنیوز


Top