په‌رله‌مانتارێكی پارتی بۆ به‌ختیار شاوەیس: ئەوانە شكستخواردوون كە هەر ڕۆژەی لەسەر ئاوازێك دەخوێنن

په‌رله‌مانتارێكی پارتی بۆ به‌ختیار شاوەیس: ئەوانە شكستخواردوون كە هەر ڕۆژەی لەسەر ئاوازێك دەخوێنن
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و وەبیری دێنێتەوە كە ئەوەی شكستی خواردووە، ئەوانەن كە هەر ڕۆژەی لەسەر ئاوازێك دەخوێنن.

بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی، پاش بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە پێشتر لە لایەن بەشێك لە پەرلەمانتارە كوردەكانی نەیاری هەرێمی كوردستانەوە كاری بۆ كرابوو، هێرشی كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان،.

لە بەرامبەردا دیار تەیب، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند: ”بەختیار شاوەیس و هاوشێوەكانی لە كوردستان هەر بۆ سینگ دەرپەڕاندن باشن و تەنیا دەزانن بچنە سەر شاشە و قسەی زل بكەن، ئەمەی كرا داواكاریی حكوومەتی عێراق نەبوو، بەڵكوو گەلەكۆمەی پەرلەمان بوو لە دژی كوردستان، دەشیانەوێت لەم ڕێگەیەوە زیان بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بگەیەنن و پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاڵۆز بكەن“.

ڕوونیشی كردەوە كە لە پەرلەمانی عێراق لەسەر بنەمای زۆرینە و كەمینە مامەڵە لەگەڵ كورد كراوە و تۆپەكە خراوەتە گۆڕەپانی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە كاتێكدا ”ئەو كۆمپانیایە بەلای ئێمەوە شەرعیەتی كۆتایی هاتووە و گومانی یاسایی لەسەرە، چۆن مه‌له‌فێكی لەم شێوەیە ڕادەستی سۆمۆ دەكرێت؟“.

پرسیاری ئەوەشی كرد كە ”ئەو پەرلەمانتارانەی ئێستا سینگیان دەرپەڕاندووە، بۆچی لەنێو هۆڵی پەرلەمان ئەو شەڕەیان نەكرد؟“.

پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتیشی: ”به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك په‌رله‌مانتار له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی خۆشیان كار ده‌كه‌ن و حه‌زیان لێیه‌ له‌ راگه‌یاندنەكان دەربكەون، ئەوانە قسه‌ی سه‌قه‌ت و نادروست ده‌كه‌ن، فه‌رموون گروپی پشتیوانی له‌ سیاسه‌تی به‌غدا بۆچی له‌وێ شەڕتان له‌سه‌ر قووتی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كرد و لێره‌ش به‌رد لە سیاسەتی هەرێمی كوردستان دەگرن؟ ئه‌م دووڕووییە به‌س له‌ بەختیار شاوەیس و گرووپێك پەرلەمانتار دەوەشێتەوە“. دووپاتیشی كردەوە، ئەوەی شكستی خواردووە، ئەوانەن كە هەر ڕۆژەی لەسەر ئاوازێك دەخوێنن، ڕۆژێك پشتیوانیی سیاسەتی كوردستان و ڕۆژێكیش پشتیوانی سیاسەتی بەغدا دەكەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی ١١ی ٢٠٢٠، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای قەرزی پەسەند كرد و تێیدا ڕەچاوی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای نەكرد و ئەو ٣٢٠ ملیار دینارەی بڕی كە بڕیاربوو حكوومەتی عێراق مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت.










باسنیوز


Top