کرێکاری کۆمپانیایەکی پاککەرەوە لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە هەولێر گیانی لەدەستدا

کرێکاری کۆمپانیایەکی پاککەرەوە لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە هەولێر گیانی لەدەستدا

دارەوان ئیسماعیلی تەمەن 30 ساڵ کرێکاری یەکێک لە کۆمپانیاکانی پاککەرەوە بووە لە هەولێر، کاژێر 07:30ی بەیانی لەکاتی کارکردنیدا ئۆتۆمبێلێک خۆی لێدەدات و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات.

موتەلیب فەتاح، مامی دارەوان دەڵێت "لەسەر ماتۆڕ بووین، من هاتمە خوارەوە و یەکسەر ئۆتۆمبێلێک بە خێرایی خۆی لە دارەوان دا، خێرا بوو لەگەڵ خۆی بردی، چوومە سەری مردبوو".

ئیسماعیل فەتاح، باوکی دارەوان دەڵێت "برا بچووکەکەم تەلەفۆنی بۆ کردم، گوتی دارەوان.. گوتم دارەوان چی؟ گوتی دارەوان مردووە لە نەخۆشخانەی رزگارییە".

وەکو کەسوکارەکەی دەڵێن، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تەکسی بە خێرایی 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر خۆی بە دارەواندا کێشاوە، لەدوای رووداوەکەش شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.

ئاری محەممەد، نوێنەری کۆمپانیای قەدەر دەڵێت "کرێکارەکان سەرجەم کەلوپەلی خۆپارێزییان بۆ کارکردن پێدراوە، بەتایبەت جلی فسفۆڕی، بۆئەوەی ئۆتۆمبێلەکان لەکاتی هاتووچۆدا بیانبینن، بەڵام پێدەچێت ئاگاداری خۆی نەبووبێت و بە خێرایی لە دارەوانی داوە".

دارەوان 10 ساڵ لە کۆمپانیا پاککەرەوەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کاریکردووە، ئەو کۆمپانیایەی دارەوان کاری بۆ دەکرد ئامادەیی خۆیان نیشانداوە پابەندی ئەو گرێبەستە بن کە پێشتر لەگەڵ دارەوان کردوویانە و مانگانە مووچەکەی کە 300 هەزار دینار بووە، بدەنە منداڵەکانی.

فەرمان خەلیل، بەڕێوەبەری شارەوانی و ژینگەپارێزی دەڵێت، بەپێی گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیاکە، دەبێت کۆمپانیاکە پابەندبێت و ئەوانیش وەکو سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر چاودیریی دەکەن.

دارەوان خێزاندار بووە و خاوەنی سێ منداڵ بووە.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا تاوەکو ئێستا دوو کارگوزاری شارەوانی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و چواریش برینداربوون.
rudaw -
Top