بەڕێوەبەری پرۆژەی تێرمیناڵی نێودەوڵەتیی دهۆک: بەهاری 2021 تەواودەبێت

بەڕێوەبەری پرۆژەی تێرمیناڵی نێودەوڵەتیی دهۆک: بەهاری 2021 تەواودەبێت


بەڕێوەبەری پرۆژەی تێرمیناڵی دهۆک لە کۆمپانیای کاڤین رایگەیاند، تێرمیناڵی نێودەوڵەتیی دهۆک، کە لە کابینەی هەشتەم دەستیپێکراوە، لە قۆناخی کۆتاییدایە و بۆ وەرزی بەهار تەواودەبێت.

ئەندازیار سەردار سەعید، بەڕێوەبەری پرۆژەی تێرمیناڵی دهۆک راگەیاند "ئەو تێرمیناڵە سەدان دەرفەتی کار دابیندەکات، شوێنی پارککردنی 250 تەکسی، 150 پاس و 250 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری هەیە، لە هاتووچۆی نێوان شارەکان سوودی لێوەردەگیرێت. پرۆژەکە لە ساڵی 2016 دەستیپێکراوە، ئێستا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، بەهاری 2021 پرۆژەکە تەواودەبێت".

بەڕێوەبەری پرۆژەی تێرمیناڵی دهۆک گوتیشی "ئەو پرۆژەیەی تێرمیناڵ یەکێکە لە پرۆژەکانی کاڤین گرووپ، پرۆژەکانی وەبەرهێنان وەکو فامیلی مۆڵ و پرۆژەکانی دیکە کەوا پرۆژەی ستراتیژین. پرۆژەی تێرمیناڵی نێودەوڵەتیی دهۆک پێكهاتووە لە وێستگەی گواستنەوە، 55 پێشانگای ئۆتۆمبێل و هەندێک باڵەخانەی خزمەتگوزاری و گۆڕەپانی تەکسی و پاس و گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر. شاشەیەکی ئەلیکترۆنی لە تێرمیناڵەکە دەبێت، کە چرکە بە چرکە دیاریی دەکات پاس گەیشتووەتە کوێ".

ئەندازیار سەردار سەعید باسی لەوەش کرد "قاتی ژێرەوەی تێرمیناڵەکە کافتریا و شوێنی پشوودانی لێیە. بۆ هێڵەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و باشوور و ناوەڕاستی عێراق و تورکیا و ئێرانیش سوودی لێوەردەگیرێت. نووسینگەکانی گواستنەوەی نێوان شارەکان کە لەناو سەنتەری شاردان، بێنە تێرمیناڵەکە بە دڵنیاییەوە بۆ ئەوان باشترە، کە لە تێرمیناڵەکە 16 شوێنی بلیت بڕین هەیە".

بەڕێوەبەری پرۆژەکە باسی لەوەش کرد، پرۆژەی تێرمیناڵی دهۆک تەنیا دروستکردنی چەند رێگەیەکی خزمەتگوزاری و چەند گۆڕەپانێكی ماون تەواوببێت.
rudaw -
Top