سیاسەتمەدارێکی کوردی سووریا: ئامانجی PKK لەباربردنی دەستكەوتەكانی كوردە

سیاسەتمەدارێکی کوردی سووریا: ئامانجی PKK لەباربردنی دەستكەوتەكانی كوردە
جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا جەخت دەکاتەوە، ئامانجی سەرەکیی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، لەباربردنی کێشەی کوردە لە هەر شوێنێک كە پێش کەوتبێ و رێی چارەسەریی خۆی دۆزیبێتەوە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، بوونیان لە هەرێمی کوردستان داگیرکارییە و خزمەت بە دوژمنانی گەلی کورد دەکات.

عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، گوتی: “بوونی PKK لە هەرێمی کوردستان نایاساییە، چونکە هەرێم لە دەستووری عێراقدا شوێنێکی دانپێدانراوە و بوونی هەر کەسێکی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و هەر گرووپێکی سیاسی بیەوێ لە ناو ئەو یەکە دەستوورییەدا کاری خۆی بکات، دەبێ مۆڵەتی رێپێدانی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەبێ”.

سەبارەت بە بوونی گرووپی چەکدار لە خاکی هەرێمی كوردستان، بەشار پێی وایە: “ئەو هێزانەی چەکدارن و لە هەرێمی کوردستاندان، بە یاسایی و بڕیاری سیاسی رێپێدراون، بەڵام PKK بەدەرە لەمە، بۆیە بوونیان ناشەرعییە و مانەوەیان بە داگیرکاریی دادەنرێ و زیان بە سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێ”. جەختیش دەکاتەوە: “بوونی PKK لە هەرێمی کوردستان خزمەت بە هەموو لایەک دەکات، تەنیا بە کورد و کێشەکەی نەبێ”.

سەرنج دەخاتە سەر ئەوەش، كە ئەمە یەکەم جار نییە PKK هێرش بکاتە سەر هەرێمی كوردستان و دەستکەوتەکانی، بەڵام هێرشی ئەمجارەیان بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە: “یەکەمیان ئەو ئارامی و سەقامگیرییەیە کە بەرقەرارە، ئەمەش PKKی تەنگەتاو کردووە، دووەمیشیان پەیوەندیی بە رێککەوتننامەکەی نێوان بەغدا و هەولێرەوەیە سەبارەت بە دۆخی شنگال، کە دەبێ PKK لێی بچێتە دەرەوە”.

دەشڵێت: “چەندین لایەن لەپشت هێرشەکەی PKKن بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییان لەو ئاژاوەگێڕییەدایە، لەوانە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە هاوپەیمانی PKKن، لەگەڵ هەندێكی تر لە دوژمنانی گەلی کورد”.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە، كە هاوكات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی- سووریا (یەکێکە لە حزبەکانی ناو ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ENKS) داواش دەکات: “پێویستە PKK بە ئاشتی و دیموکراتی چالاکییەکانی بکا و لە خاکی هەرێمی کوردستان بچێتە دەرەوە و بگەڕێتەوە مەیدانی راستەقینەی خۆی، ئەگەر چەند کەسێکیشیان بمێننەوە، پێویستە پابەندی یاساکانی هەرێم بن”.

عەبدولحەکیم بەشار پێی وایە کاتی ئەوەیە رۆشنبیران و سیاسی و کۆمەڵانی خەڵک بەیەکەوە بە دەنگی بڵند بڵێین، ئامانجی سەرەکیی PKK لەباربردنی کێشەی کورد و دەسکەوتەکانیەتی”.












باسنيوز


Top