وردەكاریی خەرجكردنی 551 ملیار دیناری پڕۆژەكانی ڕێگەوبان دەخرێتە ڕوو

وردەكاریی خەرجكردنی 551 ملیار دیناری پڕۆژەكانی ڕێگەوبان دەخرێتە ڕوو


بریکاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وردەكاری پڕۆژەكانی رێگەوبانی ئاشكرا کرد و رای گەیاند بۆ چەند پڕۆژەیەكی رێگەوبان لە ناوچە جیاجیاکان، 551 ملیار دینار خەرج كراوە.

ئاگرین عه‌بدوڵا، بریکاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "چەند پڕۆژەیەكی رێگەوبان لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام كاریان تێدا دەكرێت، هەندێكی تریش بودجەیان بۆ تەرخان كراوە و كەوتوونەتەوە كار".

جەختی كردەوە رێژەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی رێگەوبان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیکە جیاوازییان هەیە.

سەبارەت بە وردەكاریی پڕۆژەكان بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە گوتیشی: "دروستكردنی رێگای هەولێر- گۆپاڵ، 202 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە و 70%ی کارەکانی جێبەجێ كراوە، قۆناغی یەكەمی دووسایدی دوكان- چوارقوڕنە 52 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە و 86%ی کارەکانی تەواو بووە، رێگای باشماخ- پێنجوێن 34 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە و 60%ی کارەکانی تەواو بووە".

ئاگرین عەبدوڵا زیاتر لەبارەی پڕۆژەكانی تر گوتی: "رێگای دووسایدی كەلار- دەربەندیخان 137 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە و 36%ی کارەکانی تەواو كراوە، رێگای كەلار- كفری 53 ملیار دیناری بۆ خەرخان كراوە و 70%ی کارەکانی تەواو بووە".

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەبارەی پڕۆژەكانی رێگەوبان لە دهۆك ڕای گەیاند: "رێگای ئیبراهیم خەلیل- دیرەبرەن 36 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە 91%ی جێبەجێ كراوە، هەروەها ڕێگەی سیمێڵ -باتیڵ كە 36 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە 95ی کارەکانی تەواو بووە".

ئاشكراشی كرد: "بەگشتی 551 ملیار دینار بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان كراوە و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە گرنگییەکی زۆری بە پڕۆژەكانی رێگەوبان داوە و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان كردوون".




باسنيوز
Top