لە هەولێر هەڵمەتێكی فرەوانی پاككردنەوەی كەند و مەنهۆڵەكان دەستی پێكردووە
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند كە ماوەی مانگێگە دەستیان كردووە بە پاككردنەوەی سەرجەم کەند و مەنهۆڵەکانی ئاوەڕۆ لە زبڵ و خاشاک، ئەمڕۆش هەڵمەتێكی تریان دەستپێكردووە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕێگەی تیمی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی ماوەی مانگێکە دەستی بە پاککردنەوەی سەرجەم کەند و مەنهۆڵەکانی ئاوەڕۆ كردووە، لەگەڵ ئەو شوێنانەی بەردەوام لەگەڵ بارانباریندا کێشەیان لێ دروست دەبێت. ئەمڕۆش تیمێک دانراوە بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی ئاوەڕۆی ژێر پردە كاتییەكانی ئۆتۆمبێل، تا بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو نەبێتە هۆی ڕێگری هاتوچۆی هاووڵاتیانی گەڕەکەکانی دەرەوەی کەندی کۆرنیش.
هەر ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە چاڵەکان لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر خاوێن کرانەوە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی زیانی لافاو لە ئەگەری ڕوودانیدا.
شارەوانی داواشی لە هاونیشتیمانیان كردووە لە هەر شوێنێک ئاوەڕۆیەکی داخراو هەیە، پەیوەندیی بەم ژمارەیەوە بكەن 07511624550، تا تیمێكی پێویست بگەنە ئەوێ.
باسنيوز
