قسەی دایک و باوکی ئەو مێرمنداڵەی لە هەولێر کوژرا

قسەی دایک و باوکی ئەو مێرمنداڵەی لە هەولێر کوژرا

کوڕێکی 13 ساڵان لە شارۆچکەیەکی سەر بە هەولێر دوای ئەوەی لە ماڵ دەردەچێت، پێنج رۆژ دواتر تەرمەکەی بۆ دایکی دێتەوە. کوژرانی کوڕەکەی لەلایەک، دیمەنی جەستەی بە چەقۆ لێدراوی لەلایەکی دیکە، هێندەی دیکە هەناسەی جەرگی سووتاویان گەرمتر کردووە.

رەجا ساڵح، دایکی خەلەف بە گریانەوەگوت "ئێمە هەموومان ئاوارەین، زیانمان بۆ کەس نەبووە. بابی کەسێکی فەقیرە. خۆیشی کەسێکی بێ ئازار بوو، بۆچی دەبێت بە چەقۆ لێی بدەن؟"

ئەو خێزانە خەڵکی شنگالن و زیاتر لە شەش ساڵە چوونەتە شارۆچکەی کۆڕێ سەر بە پارێزگای هەولێر. خەلەف رۆژانە لەسەر رێگەکان ئاوی فرۆشتووە، هەر لەگەڵ ونبوونی، پۆلیس و ئاسایش دەست بە گەڕان دەکەن.

سەردار تەها، مامی خەلەف دەڵێت "هەموو شوێنەکان گەڕاین، هەر دەیانگوت لێرە نییە. تاوەکو دوێنێ یەکێک لە بنکەی پۆلیس تەلەفۆنی کرد و گوتی تەرمێکمان لێرە دۆزیوەتەوە". ئەو کەسەی تەرمی خەلەفی دۆزیوەتەوە شوانێک بووە و دوای پێنج رۆژ لە ونبوونی بووە.

شایەتحاڵێک بەناوی سەباح خزر دەڵێت "کوڕەکەم هاتە ئێرە و گوتی بابە تەرمێک لەوێیە. گوتی سەیارەیەکیش لەوێ بووە و خاوەنەکەی پێی گوتووم بڕۆ، نازانم سەرخۆش بووە یان نا، بەڵام لە شوێنی تاوانەکە نزیکبوو، منیش خێرا تەلەفۆنم بۆ ئاسایش و پۆلیس کرد".

سەعدوڵڵا تەها، باوکی خەلەف بە دڵێکی گەرم و رۆحێکی تێکشکاو چووە ئەو شوێنەی تەرمی کوڕەکەیی لێ فڕێدرابوو، ئەو دەڵێت "کوڕی من کەسێکی بێ ئازار بوو، بۆ خۆی پەشمەکی لە شەقڵاوە دەفرۆشت و کاری دەکرد. کەسێکی زۆر بێ ئازار بوو. ئەو موجریمە هەر کەس بێت دەبێت لەسێدارە بدرێت. منداڵێکی ئاوا چ گوناهێکی کردووە".

خەلەف سەعدوڵڵای تەمەن 13 ساڵ دەستی لە خوێندن هەڵگرتبوو بۆ بژێویی ژیان، بەڵام هەوڵەکانی بۆ بژێویی ژیان لە وێستگەی گوماناوی و تاڵدا بۆ خۆی و خانەوادەی کۆتاییان هات. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، گومانلێکراوێک لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەکانیش لەسەر رووداوەکە لەلایەن ئاسایش و پۆلیسەوە بەردەوامن.
rudaw -
Top