زانیاری لەبارەی ناردنی 320 ملیاری مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بۆ سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ راگەیاندرا

زانیاری لەبارەی ناردنی 320 ملیاری مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بۆ سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ راگەیاندرا
ئەندامێكی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، 320 ملیار دینارەكەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە سێ مانگی كۆتایی 2020 بەردەوام دەبێت و لە پڕۆژەیاسای قەرزیشدا جێگیر كراوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "ناردنی 320 ملیار دینارەكەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەردەوامی دەبێت، مانگانە لەگەڵ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئەو بڕە پارەیە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، فەرمانبەرانی كوردستان با لەوە دڵنیا بن هیچ كێشەیەك لەو بڕە پارەیە نییە".

روونیشی كردەوە، لە پڕۆژە یاسای قەرزدا بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان جێگیر كراوە و گوتی: ”لە نێو پڕۆژە یاسای قەرز كە بڕیارە ئەم هەفتەیە دەنگی لەسەر بدرێت، سێ مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش جێگەی بۆ كراوەتەوە و جێگیر كراوە، هەر مانگێك 320 ملیار دینارە كە بۆ ئەو سێ مانگە دەكاتە 960 ملیار دینار".

بە گوتەی جەمال كۆچەر، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئەوەدا نییە ئەو بڕە پارەیەی كە حكوومەتی عێراق داوای كردووە ڕێگەی قەرزكردنی پێ بدرێت، رەزامەندی لەسەر بدرێت و گوتی: ”لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ ئەوەداین ئەو بڕەی كە ڕێگەدەدرێت حكوومەت بۆ مووچە قەرزی بكات، لە 15 تریلیۆن دینار زیاتر نەبێت، بۆ ئەمەش گفتوگۆكان یەكلایی دەكرێنەوە".

چاوەڕوان دەكرێت كۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، حكوومەتی عێراق دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی عێراق بكات و دواتریش 320 ملیار دینارەكەی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت.









باسنیوز



Top