ئەمڕۆ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە
حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند: "قوتابییەكی زۆرمان هەیە ساڵانێكی زۆرە خوێندنیان جێ هێشتووە و گەڕاونەتەوە خۆێندن و ساڵی پاریش بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پرۆسەی خوێندن دوا كەوت و ژمارەیەكی زۆر قوتابی ساڵی یەكەم كەوتبوون بۆ ساڵی دووەمیش دووبارە كەوتبوونەوە، وەك لیژنە داوامان كردووە ئەو پرسە بنێردرێتە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ساڵی پاریان بە نەكەوتن بۆ هەژمار بكرێت بۆ ئەوەی لە خوێندنی ڕۆژانە درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا: "ساڵی نەكەوتن نابێتە دەرچوونی گشتی، بەڵكوو ئەوانەی دووساڵ، یان زیاتر لە یەك قۆناغ بوونە، واتە هەر قوتابییەك كە لە ساڵی 2019-2020 دا كەوتووە، ئەمساڵەیان بە نەكەوتن بۆ هەژمار دەكرێت و ئەگەر قوتابییەكی پۆلی 12ی ئامادەیی دوو ساڵ كەوتبێت لە پۆلەكەی خۆی، دەبوو ئەو قوتابییە بچێتە خوێندنی ئێواران، بەڵام بەم بڕیارە ئەمساڵەی بە نەكەوتن بۆ هەژمار دەكرێت و دەتوانێت لە خوێندنی ڕۆژدا درێژە بە خوێندنی خۆی بدات".
حەسیبە گەردی گوتیشی: "تەورێكی تری كۆبوونەوەكەمان تایبەت دەبێت بە سكاڵای ئەو قوتابییانەی كە سكاڵاكانیان هێناوەتە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەبارەی ئەوەی كە زانكۆلاینیان پڕ كرددووەتەوە و نمرەیان بەرز بووە، کەچی لە پەیمانگە ناویان گەڕاوەتەوە و قوتابیی واش هەیە كۆنمرەكەی كەمترە و ناوی لە زانكۆ گەڕاوەتەوە وە قوتابیش هەیە لە حكوومی پێشكەشی كردووە و ناوی لە پارالێل گەڕاوەتەوە و قوتابیش هەیە كۆنمرەی بەرزە و هەر ناوی نەگەڕاوەتەوە و دەمانەوێت بەدواداچوون بۆ ئەم كێشانەش بكەین".
باسنیوز
