حكوومەتی عێراق دەیەوێ چاڵی "خەفسە" هەڵبداتەوە

حكوومەتی عێراق دەیەوێ چاڵی
حكوومەتی عێراق، دەیەوێ چاڵی خەفسە لە پارێزگای نەینەوا هەڵبداتەوە، كە نزیكەی دوو هەزار تەرمی كەسانی مەدەنی تێدان و داعش لە سەروەختی دەسەڵاتداریی لەو ناوچەیە كوشتوونی.

ئەمڕۆ دووشەممە 9/11/2020، رۆژنامەی سەباح، كە رۆژنامەی فەرمیی عێراقە، لە زاری سەعد عەبدەلی، ئەندامی دەستەی راوێژكارانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گواستوویەتیەوە، كە چاڵی خەفسە لە پارێزگای نەینەوا هەڵدەدەنەوە و بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی نێودەوڵەتییان پێویستە، چونكە چاڵێكی گەورەیە و "قووڵییەكەی نازانین و ژمارەی تەرمەكانی ناویشی نازانین".

ئەوەشی وتووە، كە تەرمەكان بە شێوەی ستوونی لەسەریەك دانراون و كەڵەكە بوون، بۆیە روفات و ئێسكەكان تێكەڵی یەك بوونە و ئەستەم و سەختە لێك جیا بكرێتەوە و ماڵبات و كەسانی قوربانی بناسرێنەوە، زانیاریی ئەوەش هەیە كە چاڵەكە زۆر قووڵ و تاریكە و ماددەی گازیشی تێدایە.

چاڵی خەفسە، دەكەوێتە ناوچەیەكی بیابانی پەراوێزخراوی باشووری رۆژئاوای مووسڵ و تەمەنی دیار نییە، بەڵام بە چاڵێكی كۆن دەژمێردرێ، باوەڕ وایە بە هۆی كەوتنەخوارەوەی نەیزەكێك پێش هەزاران ساڵ دروست بووبێ.














باسنيوز
Top