هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەک دەداتە هێزی پێشمەرگە
لەو بارەیەوە ماڵپەڕی روسیا تودەی لەزاری لیوا روکن بەختیار محەمەد، راوێژکاری سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، پڕۆژەکە بریتییە لە ئامادەکردنی (پێشمەرگە بۆ داهاتو) و بەهاوکاری هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەدەچێت و بەشێکی رێککەوتنی نێوان هەردولاش بۆ جێبەجێکردنی پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی هەیە.
رێکخستنی هێزی پێشمەرگە پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی هەیە
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا هێزە سەربازییەکانی سەر بە پارتی و یەکێتی پێویست دەکات لەچوارچێوەی پرۆسەیەکی گشتگیردا یەکگرتنەوە و دوبارە رێکخستنەوەیان بۆ بکرێت ئەوەش پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی نێوان هەردو هێزەکە هەیە، دوای رێکخستنی بەشێکی هێزەکانی پێشمەرگەش بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتودا بە چەکی پێشکەوتوی ئەمریکی دو لیوای پێشمەرگە پڕچەک بکرێن.
پێشوتر و بۆیەکەمجار وەزارەتی پێشمەرگە بو بە خاوەنی یەک ژمێریاری سەربازی
پێشوتر و لەچوارچێوەی هەنگاوەکان بۆ رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەبڕیاری شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، یەکەی ژمێریاری سەربازی لەناو یەک بەڕێوەبەرایەتی یەکخرایەوە، ئەو هەنگاوەش پێشوازی لایەنەکانی لێکەوتەوە و داوایانکرد هەنگاوەکانی یەکخستنی ئەو هێزە خێراتربکرێن.
خەندان
