پشکنینی کۆرۆنا گرفتی بۆ هاتووچۆی گەشتیاران دروستکردووە
عەلی مەلا، گەشتیاری تەندروستی گوتی "لە رانیە چووین پشکنینی کۆرۆنامان کرد، بڕی 120 هەزار دینارمان داوە، ڤیزەمان وەرگرت بڕی 40 هەزار دینارمان داوە، لە چوون و هاتنی ئێران و هەرێمی کوردستان هیچیان لێ وەرنەگرتووین، بەڵام ئێستا هاتووینەتەوە دەبێت بڕی 120 هەزار دیناری دیکە بدەین".
بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە 24ی مانگی رابردوو دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکانی باشووری کوردستان بەڕووی گەشتیاراندا کرانەوە.
بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ هاتووچۆی گەشتیاری بە مەرجی هەبوونی سەنتەری پشکنینی کۆرۆنایە لە دەروازە سنوورییەکاندا.
ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان رایگەیاند "پێویستمان بە کارمەندی تاقیگەیە و نیمانە بۆ کردنەوەی سەنتەرەکە، مەرج ئامێر نییە، کاتێک کێشەی سەرچاوەی مرۆییمان هەبێت، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە شوێنی مانەوە تاوەکو هاتنەوەی پشکنین بۆ کەسانی بیانی دیاریبکەین".
مەرجەکانی ئێران بۆ پێدانی ڤیزە، پشکنینی کۆرۆنا، بەڵگەی گەشتیاریی تەندروستی، خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، یاخود داواکار هاوژینی هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانی بێت، سەرکۆنسوڵەکانی ئێران دەڵێن، مەرجەکان بەهۆی رێکارە تووندەکانی هەرێمی کوردستانە، دەنا ئەوان ئامادەن بۆ ئاساییبوونەوەی رەوشی هاتووچۆی گەشتیاری.
عەلی تۆفیق، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی گومرگی نێودەوڵەتیی پەروێزخان دەڵێت، گەشتیار بۆ چوونە ئێران دەبێت چوار رۆژ پێشتر پشکنینی کۆرۆنای کردبێت، ئەگەر ئەوەش نەکرێت پشکنینی کۆرۆنایان داناوە و پارە وەردەگرن و پشکنین بۆ گەشتیاران دەکەن.
هاتووچۆی گەشتیاران لە سنوورێکەوە بۆ سنوورێکی دیکە جیاوازیی هەیە، لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە مانگی رابردوودا 31 هەزار و 287 کەس هاتووچۆیان لێوە کردووە.
ئیسماعیل عەلی، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ رایگەیاند "ئێمە لەدوای دەرچوونی رێکارەکانەوە ئەوەی پێویست بووە کردوومانە و هەموو ئاسانکارییەکمان رەخساندووە بۆ هاتووچۆکردنی کەسانی بیانی و هاونیشتمانیانی کوردستان".
سەرەڕای ئاستەنگەکان، لە ماوەی مانگی رابردوودا لەنێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان 48 هەزار و 110 کەس هاتووچۆیان کردووە.
rudaw -
