بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێ: پەکەکە مەترسییە بۆ سەر ژیانی خەڵکی سنوورەکە

بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێ: پەکەکە مەترسییە بۆ سەر ژیانی خەڵکی سنوورەکە
بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێ ئاشکرای کرد بوونی چەکدارانی پەکەکە لەناو و گوند و شوێنی ژیانی هاووڵاتییان، بوونەتە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی دەڤەرەکە.

ئەلەند ئەمیر، بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێ لە قەزای ئامێدی ڕایگەیاند: "ئێستا دانیشتوانی ٤٠ گوندی ناحیەی چەمانکێ لەبەر بوونی چەکدارانی پەکەکە ناتوانن بگەڕێنەوە و کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بکەن، چونکە پەکەکە دەستی بەسەر گوندەکانیاندا گرتووە و ئەمەش مەترسییەکە لەسەر ژیانی خەڵکی ئەو دەڤەرە".

بەڕێوقەبەری ناحیەی چەمانکێ گوتیشی: "دانیشتوانی سنووری چەمانکێ داواکارن پەکەکە هەموو گوندەکان چۆڵ بکات و دەست لە ئاڵۆزکردنی ناوچەکە هەڵبگرێت و لە گوندەکان دوور بکەونەوە و ئێمەش ئەم داخوازییەی خەڵکمان گەیاندووە و داوامان کردووە سنوورەکە جێ بهێڵن و تاکوو خەڵک بەبێ مەترسی بگەڕێنەوە سەر ژیان و ماڵی خۆیان".

ئەلەند ئەمیر ئاماژەی بەوەش کرد: "پەکەکە هاتووەتە ناو خاکی ئێمە و پیویستە چۆڵی بکات، چونکە هەردەم پەیامی ئێمە بۆ ئاشتی بووە و نابێ لەوە زیاتر پەکەکە ڕەوشەکە ئاڵۆز بکات و خەڵکی ناوچەکە بۆ ئامانجە سیاسییەکانی بەکار بهێنێت".

حەفتەی ڕابردوو چەکدارانی پەکەکە لە سنووری ناحیەی چەمانکێ هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگە و پێشمەرگەیەک شەهید و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەم ڕەفتارە شەڕخوازانەیەی پەکەکە لەلایەن هێز و لایەنە سیاسییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت چەندین وڵاتی بیانیشەوە ئیدانە کرا و ڕەخنە لە پەکەکە گیرا.














باسنیوز


Top