لە سۆران گرووپێکی گەنج چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا وەرزشی نینجا دەکەن

لە سۆران گرووپێکی گەنج چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا وەرزشی نینجا دەکەن


گرووپێک گەنج لە دەڤەری سۆران لە بناری چیای شیرین وەرزشی نینجا دەکەن. ئەوان بیست گەنجی قەزای سۆرانن، هەفتانە چوار رۆژ روودەکەنە دەشت وەرزش دەکەن.

وەرزشەکە سەرکێشییە و دەبێت یاریزانانی توانایان زۆر بێت و بەرگەی کارە ئەستەمەکان بگرن و بتوانن لەنێو ئاو و ئاگردا راهێنان بکەن.

شێرزاد موسڵح، راهێنەری یاری نیجایە و دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە بتوانین ئاڵای وڵاتی خۆمان لە پاڵەوانیێتییەکاندا بەرز بکەینەوە و گرنگی بە گەنج و لاوانمان بدەین کە لە دوارۆژدا بتوانن خاوەنی هێز و توانایەکی باش بن. وەرزشی نیجای یەکێکە لەو وەرزشانەی سەرەنجڕاکێش و سەرکێشییە، هەمیشە هەوڵ بۆ مەحاڵ و کارە ئەستەمەکان دەدات."

خۆڕاگری، ماسولکە و جەستەی بەهێز مەرجی ئەو وەرزشە سەرکێشییەن، نابێت سڵ لە هیچ بکەنەوە. ئامانجیانە بەو جۆرە وەرزشە لە پاڵەوانێتییەکانی وەرزشی ناوخۆ و دەرەوەدا بەشداری بکەن.

عەبدولقەهار محەمەدەمین، وەرزشوانە و دەڵێت، "ئامانجی من ئەوەیە کە لە داهاتوودا وەک یاریزانێک دەرکەوم و ناوی شار و نیشتمانەکەم دەربخەم."

زیرەک رەمەزان، وەرزشوانە و دەڵێت، "ئەو وەرزشەی ئێمە دەیکەین لە کوردستان کەمە. دەمانەوێت لەم رێگەیەوە بەشداریی چالاکییە دەرەکی و ناوخۆییەکان بکەین."

عەبدوڵڵا ناسر، وەرزشوانێکی دیکەیە و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا کەس پشتی نەگرتووین، خۆمانین تا ئێرەمان هێناوە، بەڵام ئێمە نیازمان بە بەردەوامییە تا بتوانین سپۆنسەرێک بۆ کارەکانمان پەیدا بکەین."

نیجای وەرزشێکی ناو سرووشتە، چینییەکان دایانهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا یارییەکی ئۆڵۆمپی نییە.
rudaw -
Top