هەورەبرووسکە وێستگەیەکی کارەبای سلێمانی دەسووتێنێت
بەهۆی هەورەبرووسکەوە لە گەرمیان کەسێک گیانی لەدەستدا و وێستگەیەکی گەورەی کارەباش لە سلێمانی سووتا.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و هەورەبرووسکەشی لەگەڵدایە.
لە چەند گەڕەکێکی سلێمانی بەهۆی زۆری و بەخووڕەمیی بارانەوە لافاو هەستا و ئاو چووە نێو ماڵی چەند هاونیشتمانییەکەوە.
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی سلێمانی دەڵێت، "بەهۆی بارانبارینەوە لافاو هەستابوو و مەنهۆڵەکان هەموویان گیرابوون، چونکە قیریان بەسەردا کردوون و ئاو نەدەچووە ناویانەوە. ئیتر ئاو تا ماڵەکان هاتبوو."
هاوکات باران و هەورەبرووسكە وێستگەیەكی گەورەی كارەبای لە سلێمانی سووتاندووە و بەهۆیەوە بەشێكی سلێمانی، هەڵەبجە، شارەزوو و پێنجوێن بێكارەبا بوون.
سیروان محەممەد، گوتەبێژی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، "كاژێر 01:05ـی خولەكی بەرەبەیانی رۆژی 2020/11/07 هەورەبرووسكە لە وێستگەیەكی گەورەی گواستنەوەی كارەبای سلێمانیی داوە. بەو هۆیەشەوە وێستگەكە سووتاوە."
گوتەبێژی كارەبای سلێمانی باسی لەوەش كرد، تیمەكانی چاكسازیی وێستگەكان و هێڵەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكەن.
هاوکات بەهۆی هەورەبرووسکەوە لە گوندی سۆفی رەحیمی گەرمیان شوانێکی 26 ساڵ گیانی لەدەستدا.
بەرهەم حەسەن ئەحمەد لەدایکبووی 1994ە، بەرەبەیانی رۆژی شەممە بەهۆی بەرکەوتنی هەورەبرووسکەوە بریندار بوو و دوای گەیاندنی بە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار، بەهۆی کاریگەریی هەورەبرووسکەکەوە گیانی لەدەستدا.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی گەرمیان بە راگەیاند، "پێشتر هۆشدارییان داوە کە بەهۆی ناسەقامگیریی کەشوهەوا و ئەگەری هەورەبرووسکەوە هاونیشتمانییان لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە."
rudaw -
