وەزیری پەروەردە لە بارەی پڕۆسەی خوێندن ڕوونکردنەوە دەدات

وەزیری پەروەردە لە بارەی پڕۆسەی خوێندن ڕوونکردنەوە دەدات
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی پرۆسەی خوێندن، دووپاتی دەكاتەوە كە پڕۆسەكە بە ئۆنڵاین نەوەستاوە و ڕێژەی ئامادەبووانی خوێندنی ئۆنڵاینیش "زۆر باشە".

ئەمڕۆ شەممە 7/11/2020، د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: "خوێندنی ئۆنڵاین لە پۆلی سێ بۆ یانزە بەردەوامە و ڕانەگیراوە، ڕۆژی هەینی بە هۆی چاکسازی و بەدواداچوونی سێرڤەر و داتا سەنتەری وەزارەت کاری نەکرد، قوتابیان و خانەوادەکانیان دڵنیا دەکەینەوە پڕۆسەی خوێندنی ئۆنڵاین بەردەوامە".

ئاماژەی بەوەش دا، كە بە پێی داتاکانیان ڕێژەی ئامادەبوونی قوتابیان لە خوێندنی ئۆنڵاین لە ئاستێکی زۆر باشدایە و ڕێژەکەش له زیادبووندایە.

وەزیری پەروەردە جەختی کردەوە، لە خوێندنی ئۆنڵاین هەموو قوتابی و مامۆستایەک کۆدی خۆی هەیە، دەشڵێت:" هەموو قوتابییەک دەتوانێت ئەو کۆدەی خۆی کۆپی پەیست بکات و لە ڕێگەی مایکروسۆفت تیمەوە بچێتە نێو ئەکاونتی قوتابخانەی خۆیەوە، لەوێش لە بەشی سێرچ ناوی مامۆستاکەی بنووسێ، دەشتوانێ نامەی تێکست یان نامەی دەنگی بۆ بنێرێ، مامۆستاش دەتوانێ پەیام بۆ قوتابیان بنێرێ، قوتابیش دەتوانێ ئەرکی ماڵەوەی وێنە بگرێ و بۆ مامۆستاکەی بینێرێ".

ئالان حەمەسەعید، ئاشکراشی کرد سیستەمی خوێندنی ئۆنڵاین بە مۆبایل و ئایپاد و لاپتۆپ و کۆمپیوتەر کاری لەسەر دەکرێ و کێشەی نییە، گوتیشی:" ئەو سیستەمە بە جۆرێکە بۆ یەک ملیۆن قوتابی و 130 هەزار مامۆستا دیزایین کراوە".

ئەوەشی ڕاگەیاند، کەناڵی تەلەڤزیۆنی پەروەردەیی بە بەردەوامی وانەکان پەخش دەکا، "کەناڵی پەروەردەیی کەناڵێکی لە تیلیگرام داناوه، تەواوی وانەکان لەبەردەستی قوتابیاندایە، قوتابی دەتوانێ ڤیدیۆی وانەکە داببەزێنێ، لەو کەناڵەی تیلیگرام 364 وانە دابەزیوە و ڕۆژانەش بەردەوام زیاد دەکا".







باسنیوز
Top