لە رواندز جووتیارێک هەنارێکی تایبەت دەچێنێت کە هەر قەڵەمێکی بە 25 دۆلارە
تەحسین ئیبراهیم جووتیارێکی نموونەیی رواندزە، 10 ساڵە کار لەسەر ئەم جۆرە هەنارە دەکات تا بووەتە خاوەنی رووبەری پێنج دۆنم باخی هەنار.
تەحسین ئیبراهیم دەڵێت، "10 ساڵ پێش ئێستا هەر قەلەمێکم بە 25 دۆلار کڕی. 27 قەڵەمم کڕی، گەشەم پێدان و هەر قەڵەمێکم کرد بە دووان. هەر قەڵەمێک پۆخێکم لێی هێشتەوە و خستمە ناو گڵ. بۆ رواندنی لە ژووری خەوتن دامنابوون، چونکە کە کڕیم کابرا پێی گوتم باخێکت لەو هەنارە هەبێت، وابزانە بیرێکی نەوتت هەیە."
هەنارەکان لە جۆری مزرن، واتە نە ترشن و نە شیرین، قەد و گەڵاکانیان دڕکیان نییە و زۆر بەرز نابنەوە و لێکردنەوەیان ئاسانە. هەناری سەرقەد و ناوقەدیان وەک یەک قەبارە گەورەن و هەیانە کیلۆیەک دەبێت.
تەحسین ئیبراهیم باس لەوە دەکات، "خاسیەتەکانی ئەم هەنارە ئەوەیە کە لەکاتی بارانباریندا ناتەقێت و بە ساخی دەمێنێتەوە. ئێستا هەنار لە کوردستان بە گشتی لێکراوەتەوە. سەیری باخەکەی من بکە هێشتا لێنەکراوەتەوە و بە دارەوە ماوە. داوا لە خەڵک دەکەم لەم جۆرە هەنارە بچێنن."
هەنار بە لێزانی و ریزکردن و گوشار نەخستنە سەریان دەتوانرێت تا هاتنی وەرزی بەهار بە پارێزراوی بهێڵرێنەوە.
ئیلهام نەبی، ئافرەتێکی جووتیارە و دەڵێت، "دەبێت هەندێک لە قەدەکەی پێوە بێت کە هەڵیدەگریت بۆ ئەوەی خراپ نەبێت و تا مانگی چوار و پێنج توانای مانەوەی هەبێت و دەبێت هەواگۆرکێی هەبێت بۆ ئەوەی لە رزین بیپارێزیت."
رەسووڵ کەریم تەواوی بەری باخەکەی بە 10 ملیۆن دینار کڕیوە. مەزەندە دەکرێت 25 بۆ 30 تۆن هەناری گرتبێت، رۆژانە سێ بۆ چوار تۆنی لێدەکاتەوە و دەیگوازێتەوە عەلوەی هەولێر.
رەسووڵ کەریم دەڵێت، "چونکە هەنارەکە هەنارێکی باشە، نرخەکەشی زۆر باشە. لە عەلوەکان ئەگەر هەناری دیکە نرخەکەی 350 بۆ 400 دینار بێت، ئەمەیان نرخی 600 بۆ 700 دینارە و زووش ساخ دەبێتەوە و کڕیاری زۆرە."
لەو باخەدە 11 جۆری هەنار تاقی کراوەتەوە تا بەم جۆرەیان گەیشتووە. هەر لەو باخەدا دارهەناری بەرز و کەمبەر هەیە کە تەمەنیان 20 ساڵ دەبێت، لە کاتێکدا هەنارە فەرەنسییەکەی تەنیشتیان تەمەنیان حەوت ساڵە و هێندە هەناریان گرتووە قەدەکەیان شکاوەتەوە.
rudaw -
