جەیمس جێفری: دەبێت پەکەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نەمێنێت

جەیمس جێفری: دەبێت پەکەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نەمێنێت
نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بە دووری دەزانێت تورکیا پلانی هەبێت ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان یان هەر ناوچەیەکی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سازبکات.

جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کە هاوکات نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکاشە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێت، "ئێمە رێککەوتنێکمان لەگەڵ تورکەکان هەیە و هەر جووڵەیەکی سەربازیی تورکیاش پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنە دەبێت. هەمیشە لە کۆبوونەوە تایبەتەکانمان لەگەڵ تورکەکان ئەو خاڵەیان بۆ روون دەکەینەوە."

جێفری ئاماژەی بەوە داوە، "هیچ شتێکمان نەبینیوە کە ئاماژە بێت بۆ ئامادەکاریی تورکیا بۆ جووڵەیەکی سەربازی. لە هەمان کاتدا هیچ کارێک و دنەدانێکمان لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)وە نەبینیوە کە رەوایەتی بە کاردانەوەی تورکیا بدات."

نوێنەرەکەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لەبارەی گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانیشەوە قسەیکرد و روونی کردەوە، واشنتن پاڵپشتی لە پێکەوەکارکردنی هەسەدە و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد دەکات، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک.

جێفری بەمشێوەیە هۆکارەکانی خستنەڕوو: "یەکەم، دەمانەوێت ئۆپۆزیسیۆنی ئەسەد تەواو یەکگرتوو بێت. دووەم، یەکێک لەو بابەتانەی لە کۆمەڵگەی کوردی سوریادا هەیە بریتییە لە رۆڵی پەکەکە. ئێمە پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسین."

نوێنەرەکەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ئاشکرای کرد، "دەمانەوێت کادیرانی پەکەکە سووریا جێبهێڵن. ئەوە هۆکارێکی سەرەکییە وایکردووە کە گرژی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا هەبێت. ئێمە دەمانەوێت ئەو گرژییە کەم بکەینەوە، چونکە جگە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، پێکەوەکارکردنێکی نزیکمان لەگەڵ تورکیا لەبارەی بارودۆخی سووریاوە هەیە. تەنانەت لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش لە بواری جووڵەی سەربازییەوە رێککەوتنمان لەگەڵ تورکیا هەیە، بەڵام تورکیا نیگەرانییەکی راستەقینەی لەبارەی پێکهاتەی هەسەدە و بوونی پەکەکەوە هەیە. هەر بۆیە چارەسەر بریتییە لە کارکردن بۆ کەمکردنەوە و لابردنی بوونی پەکەکە. هەر بۆیە پاڵپشتی لە گفتوگۆی کوردی دەکەین."

جەیمس جێفری گوتیشی، ئەمریکا ئەجێندای سیاسیی بۆ هیچ گرووپێک، پێکهاتەیەکی رەچەڵەکی یان هیچ کەس لە سووریادا نییە و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە سووریا دەکاتەوە.

هەروەها جێفری گوتی، "ئێمە پێویستمان بە بناخەیەکی پتەو و جێگیر هەیە بۆ هەوڵەکانمان دژی داعش، چونکە ئەو هەوڵانە پێویستیان بە هاوبەشە ناوچەییەکانە. هەسەدە هاوبەشی سەربازییمانە و بەڕێوەبەرایەتییە سڤیلەکەی ئەوێیش هاوبەشمانە. دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکی سڤیل هەبێت، چونکە رژێمی ئەسەد لە ساڵی 2013 و پێشتریش لەو ناوچەیە کشایەوە. هەر بۆیە هانی پێکهاتە کوردی و عەرەبەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە گشتییە دەدەین بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن، هاوبەشی دەسەڵات بکەن و جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن."
rudaw -
Top