لە دهۆک لەسەر کوشتنی منداڵێکی چوار مانگ دایک و باوکی دەستگیردەکرێن

لە دهۆک لەسەر کوشتنی منداڵێکی چوار مانگ دایک و باوکی دەستگیردەکرێن
بە گوتەی شایەتحاڵێک، لە شاری دهۆک ژنێک منداڵە چوار مانگانەکەی دەکوژێت و بەپێی زانیارییەکانیش، لەسەر رووداوەکە دایک و باوکی منداڵەکە دەستگیرکراون. بە گوتەی خاوەنی ئەو باڵەخانەی کە خێزانەکە تێیدا ژیاون، ئەو خێزانە پێشتر کێشەیان هەبووە و باوکی منداڵەکە رۆژێک پێشتر بەجێیهێشتوون.

خاوەنی باڵەخانەکە راگەیاند، شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەی منداڵەکەوە هەبووە، لەوانە سەری، گوایە دایکی لە حەمامدا کێشاویەتی بە بەلوعەدا و دواتریش حەبی خەوی پێداوە. خاوەنی باڵەخانەکە ئاماژەی بەوەش کرد، شەوێک پێشتر گوێی لە دەنگەدەنگێکی زۆر بووە، بۆیە لە باوکی منداڵەکەی پرسیوە "کێشەتان چییە؟" ئەویش گوتوویەتی، کێشەیان هەیە و دەیەوێت باڵەخانەکەش چۆڵ بکات، بۆیە ئەمڕۆ هەندێک لە کەلوپەلەکانی گواستووەتەوە، دواتر نزیک بە ئێوارە باوکی منداڵەکە تەلەفۆنی بۆ خاوەن باڵەخانەکە کردووە و گوتوویەتی "منداڵەکەم کوژراوە".

دواتر خاوەن باڵەخانەکە چووەتە شوێنی رووداوەکە و بینیویەتی منداڵەکە گیانی لەدەستداوە، پاشان پەیوەندیی بە پۆلیسەوە کردووە.

تەرمی منداڵەکە ئێستا بۆ پزیشکی داد گوازراوەتەوە لە دهۆک، بەپێی زانیارییەکانش، دایک و باوکی دەستگیرکراون.

باوکەکە تەمەنی 21 ساڵە و خەڵکی باخیتمێ-یە لە سێمێل و کریستیانە، بەڵام بە گوتەی خاوەن باڵەخانەکە، ماوەیەک لەمەوپێش موسڵمان بووە و لە دادگا نزیک بە چوار مانگ لەمەوپێش بەشێوەیەکی فەرمی هاوسەرگیریی لەگەڵ هاوژینەکەی کردووە کە عەرەبە و خەڵکی حیلـلەیە و موسڵمانە. پێشتر بەشێوەیەکی نافەرمی هاوسەرگیرییان کردووە و نزیک بە پێنج مانگ دەبێت چوونەتە گەڕەکی ماڵتا لە دهۆک.
rudaw -
Top