سەركردەیەكی پارتی: لە چل ساڵی رابردوودا هیچ لایەنێك بەقەد پەكەكە زیانی لە پرسی كورد نەداوە

سەركردەیەكی پارتی: لە چل ساڵی رابردوودا هیچ لایەنێك بەقەد پەكەكە زیانی لە پرسی كورد نەداوە
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە توندی رەخنەی لە پارتی كرێكارانی كوردستان گرت و رای گەیاند كە ئەو حزبە دۆستی هیچ لایەنێك نییە و بۆی بلوێت، هەر ڕۆژەی پەلاماری لایەنێك دەدات.

پاش ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی ١١ی ٢٠٢٠، پەكەكە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی كوردستانی دا و پێشمەرگەیەك شەهید بوو و ژمارەیەك ئەفسەر و پێشمەرگەش بریندار بوون، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رايگەیاند، چەندین ساڵە پەكەكە سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان پێشێل دەكات و شەرعیەتی دەستووریی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو ناگرێت، لە كاتێكدا سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە پشوودرێژی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ كارە ناشەرعی و جموجۆڵە گوماناوییەكانی پەكەكە كردووە، هەرچەندە ”زۆرێك لە چەكدارانی پەكەكە، لە نێو خاكی هەرێمی كوردستاندان و لە قووڵایی هەرێمی كوردستانن و تەنانەت هیچ هێزێكیان لە باكووری كوردستان نییە“.

بە پێویستیشی زانی، پەكەكە بۆ هەموو لایەكی ڕوون بكاتەوە كە ئامانجیان چییە و مەیدانی هەوڵەكانیان كوێیە؟ ”بێگومان وەڵامیان لا نییە، چونكە پەكەكە هیچ ئامانجێكی نەتەوەییان نییە و خۆیان دەڵێن دەوڵەتی كوردی لە ئەخلاقی ئێمەدا نییە، هەرچی باڵ و گرووپ و ڕێكخراوی سەر بە پەكەكە هەیە لە هەموو كوردستان، ناوی كوردستان ناهێنن و دژایەتیی سەربەخۆخوازان دەكەن“.

ئەندامەكەی سەركردایەتیی پارتی پێیوایە كە دەبێت مەیدانی راستەقینەی كاركردنی پەكەكە باكووری كوردستان بێت، كەچی ”هیچ هێزێكی سەربازییان لە باكووری كوردستان نییە و هیچ جموجۆڵێكیشیان نییە، لە كاتێكدا مەیدانی كاری پەكەكە ئەوێیە، كەچی دێن شەڕ بە هەرێمی كوردستان دەفرۆشن و گرفت لەبەردەم لایەنە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دروست دەكەن“.

جەختیشی كردەوە: ”پەكەكە سەدان چەكداری خۆی لە قەندیل، شنگال، مەخموور، تەقتەق، چەمی ڕێزان، چیاكانی كارۆخ، گارە و دەیان شوێنی دیكەی قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە و شەڕ بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەفرۆشن و باج و سەرانە لە خەڵكی دەستێنن، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەكان بە ڕاشكاوی دژی ئەو كارە خراپانەی پەكەكە بوەستنەوە. هەر لایەنێكی كوردستانی، بە تایبەتیش لایەنەكانی بەشدار لە حكوومەت، ئەگەر نەرمی و دوودڵی لە شەرمەزاركردنی پەكەكە بنوێنن و شان نەدەنە بەر پاراستنی سەروەریی هەرێمی كوردستان، هەڵەیەكی گەورە دەكات، چونكە پەكەكە دۆستی هیچ هێزێكی كوردستان نییە و سیاسەتی هیچ لایەنێكیش قەبوڵ ناكات و بۆی بلوێت، هەر ڕۆژەی پەلاماری لایەنێك دەدات. ئامانج و جووڵە سیاسییەكانی پەكەكە لە دەست خۆی نییە، بەڵكوو لە بەرژەوەندیی هێز و وڵاتانی ئیقلیمی دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكات“.

ئەوەشی نەشاردەوە كە پەكەكە ”بەڵایەكی گەورەیە بۆ باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان و خەباتی ئەم دوو بەشەی نیشتمانی پەنجا ساڵ بۆ دواوە گەڕاندۆتەوە، ئەگەر بۆی بچێتە سەر، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش هەمان كار دەكات. لە كاتێكدا باشووری كوردستان بە خوێن و خەباتی ملیۆنەها كەس گەیشتووەتە ئەوەی قەوارەیەكی دەستووری و دامەزراوەی فەرمی هەبێت كە شەرعیەتیان لە ڕێگەی دەنگدان و جەماوەری كوردستانەوە وەرگرتووە“.

دووپاتیشی كردەوە كە شەڕی كورد و كورد لە لایەن سەرۆك بارزانییەوە حەرام كراوە، بەڵام ناكرێت پەكەكە ئەمە بۆ شەڕفرۆشتنی زیاتر بە هەرێمی كوردستان بقۆزێتەوە، بەڵكوو ”تاكە ڕێگە لەبەردەم پەكەكە، ڕێزگرتنە لە یاسا نێودەوڵەتییەكان و نابێت خۆی بە بەدیلی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان بزانێت، بەڵكوو پێویستە هێزەكانی بۆ ئەو شوێنە بگوازێتەوە كە لە پێناویدا دامەزراوە ئەگەر باوەڕیان بە خەباتكردن لە پێناو ئەو بەشەی كوردستان مابێت كە دەیانگوت بۆ ئازادكردنی دامەزراوین“.

بڵند ئیسماعیل نەیشاردەوە كە هەرێمی كوردستان ناتوانێت پشت لە بەرژەوەندییەكانی نزیكەی هەزار گوندی نێو قووڵایی خاكەكەی بكات و تەماشاكەر بێت هەر ڕۆژەی گوندێكی هەرێمی كوردستان ببێتە مەیدانی شەڕی پەكەكە و توركیا. گوتیشی: ”ئەوەی پەكەكە دەیكات، پاساودانە بە لەشكركێشیی توركیا و لە بەرژەوەندیی دوژمنانی كوردستانە، بە درێژایی چل ساڵی ڕابردوودا هیچ لایەنێك بەقەد پەكەكە زەرەریان لە پرسی كورد و كوردستان نەداوە. پەكەكە شەڕی قەوارەی هەرێمی كوردستان نەكات نەك هێزێكی سیاسیی دیاریكراو، هەر لایەنێك پێچەوانەی ئەو ڕاستییە بیر بكاتەوە و هێلكەكانی بخاتە سەبەتەی پەكەكە، دواجار خۆی زەرەرمەندی گەورە دەبێت“.












باسنيوز


Top