نووسینگەی پارێزگاری هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی تەندروستیی فرسەت سۆفی بڵاوکردەوە

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی تەندروستیی فرسەت سۆفی بڵاوکردەوە

نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو هەواڵانە رەتدەکەنەوە کە "لێرە و لەوێ چەند پەیجێکی چەواشەکار و کەسانێکی نابەرپرس و بێئاگا لەبارەی دۆخی تەندروستیی پارێزگار" بڵاویاندەکەنەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 3ی تشرینی دووەمی 2020، بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ناجێگیریی دۆخی تەندروستیی، د. فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، لێرەو لەوێ چەند پەیجێکی چەواشەکار و کەسانێکی نابەرپرس و بێئاگا لەبارەی دۆخی تەندروستی بەڕێز پارێزگاری هەولێر هەواڵ و زانیاری بڵاودەکەنەوە".

نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە "وێڕای رەتکردنەوەی هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵ و زانیارییە نادروستانەی بڵاوکراونەتەوە، هاووڵاتییان و هاوشارییانی خۆشەویستی شاری هەولێر بەتایبەتی و هەرێمی کوردستان بەگشتی دڵنیادەکەینەوە، د. فەرسەت سۆفی، ئێستا لە دەرەوەی وڵات لە نەخۆشخانەیە و لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە و تەندروستیی جێگیرە".

لە راگەیێندراوەکەدا هەموو ئەو زانیاری و هەواڵانەی لەبارەی تەندروستیی پارێزگارەوە بڵاوکراونەتەوە رەتکراوەتەوە و باس لەوەش کراوە "جگە لە بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و شێواندنی راستییەکان، شتێکی دیکە نییە".

رۆژی 19-10-2020، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوت کە فرسەت سۆفی تووشی کۆرۆنا بووە.

سەرچاوەیەک لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستییەوە شەوی رابردوو بە فڕۆکەیەکی تایبەت رەوانەی تورکیا کراوە.

د. فرسەت سۆفی، لە ساڵی 1978 لە قەزای چۆمان لەدایکبووە، مانگی 9ی ساڵی رابردوو بووە پارێزگاری هەولێر.

- دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە
- مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بوو
- ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو
- ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بوو
- سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بوو
rudaw -
Top