لە سلێمانی خوشک و برایەک لە دوو رۆژدا بە کۆرۆنا دەمرن

 لە سلێمانی خوشک و برایەک لە دوو رۆژدا بە کۆرۆنا دەمرن


لە سلێمانی لە ماوەی دوو رۆژدا خوشک و برایەک بە کۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن، کەسوکارەکەی دەڵێت: سەرەتا دۆخی تەندروستییان باشبووە و دواتر تەندروستییان بەرەو خراپتر رۆیشتووە و گیانیان لەدەستداوە.

ئەو خوشک و برایە دانیشتووی شاری سلێمانی بوون و هەر خەڵکی ئەو شارە بوون، مەزن مەحموود رۆژی 1ی ئەم مانگە گیانی لەدەستداوە و دوای دوو رۆژیش لە مردنی، سوعادی خوشكی بە کۆرۆنا دەمرێت.

مالیک مەحموود، برای ئەو خوشک و برایە کە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و دەڵێت، مەزن ماوەیەک بوو تووشی کۆرۆنا ببوو، دواتر رۆژ بە رۆژ باری تەندروستی بەرەو خراپتر رۆیشتووە و وایلێهات ئۆکسجینی کەمبێتەوە دواتر لە نەخۆشخانەی شار بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

سەبارەت بە سوعاد کە لەدوای خۆی دوو کوڕ و کچێکی جێهێشتووە، مالیک مەحموود دەڵێت، سوعادیش بەهەمان شێوەی براکەم سەرەتا باشبوو، دواتر باری تەندروستیی بەرەو خراپیی زیاتر رۆیشت و ئەمیش لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆ لە سلێمانی گیانی لەدەستدا.

هەردووکیان بۆ ماوەی 15 بۆ 18 رۆژ لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، دواتر گیانیان لەدەستداوە. مەزن تەمەنی 35 ساڵ بووە و سوعادیش تەمەنی 55 ساڵ بوو.

بەگوتەی مالیک، لە ماڵباتی ئەوان 5 خوشک و دوو برای تووشی کۆرۆنا بوون، بەڵام ئەو خوشک و برایەی بەرگەی ڤایرۆسەکەیان نەگرتووە و گیانیان لەدەستداوە.

کەسوکارەکەی داوا لە خەڵک دەکەن پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان دووربگرن لە شوێنی قەرەباڵخ و تێکەڵ نەبن "چونکە کۆرۆنا بچووک و گەورە نازانێ و رەنگە لە پڕێکدا کۆتایی بە ژیانت بێنێت."

- مەزن مەحموود، کارمەندی کەناڵی گەلی کوردستان بووە لە سلێمانی

- سوعاد مەحموود، کارمەندی ئاسایش بووە لە کەرکووک

پێشتر چەند خێزانێکی دیکە لە سلێمانی و پارێزگاکانی دیکە دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی گەیشتووەتە 22 هەزار و 893 کەس. لەو ژمارەیەش هەزار و 229 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 11 هەزار و 961 کەسیش چاکبوونەتەوە.

ئێستا لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە 78 هەزار و 216 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 2 هەزار و 509 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 43 هەزار و 858 کەس چاکبوونەتەوە.
rudaw-
Top