کەسوکاری خێزانە کوردە خنکاوەکەی فەرەنسا ناتوانن تەرمەکان ببەنەوە سەردەشت
رەسووڵ ئێراننەژاد خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، خۆی، هاوژینەکەی و سێ منداڵی لە دەریای مانش، لە رێگەی کۆچبەری و ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا خنکان.
ئانیتا ئێراننەژاد هیچکات خەونەکانی وەدینەهات، نە لێرە کە بۆ رۆڵگێڕان لە فیلمی دارەگوێزدا تاقیکردنەوەی لێوەردەگیرێت، نە لە رێگەیەکدا کە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەڵیانبژاردبوو: گەڕان بۆ ژیانێکی باشتر. ئەو، دایک و باوکی و دوو برای هەفتەی رابردوو لە دەریای مانش لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا خنکان. وەیشوومەیەک بۆ ئەوان و 17 کەسی دیکە کە لە بەلەمەکدا بوون. تەنیا یەکێک لە سەرنشینەکان رزگار بووە.
رەسووڵ ئێراننەژاد خۆی رزگاری بووبوو، بەڵام کە منداڵاکانی بن ئاو کەوتوون، سێجار چووەتە بن ئاوەکە بۆ رزگارکردنیان، بەس ئەوانی پێ رزگار نەبووە و خۆیشی خنکاوە.
جگە لە کوڕە 15 مانگەکەی رەسووڵ، دوو کەسی دیکەش بێسەروشوێنن. داواکاری گشتیی دانکێرک لە فەرەنسا ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە. ماڵپەڕی زانیاری لەسەر کۆچبەرەکانیش دەڵێت: چیدیکە هیوایەک بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانە نییە.
خەمی لە دەستچوونی بنەماڵەی رەسووڵ ئێراننەژاد بۆ کەسوکاری لەلایەک، خەمی بردنەوەی تەرمەکانیشیانی هاتووەتە سەر. لەلایەک کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ کۆسپی لەسەر رێی وەرگرتنەوەی تەرمەکان دروست کردووە، لەلایەکی دیکەش کەسوکاریان دەڵێن، بردنەوەی تەرمەکان 45 هەزار یورۆی پێویستە. بنەماڵەکەیان داوا لە دامەزراوە جیهانییەکان و حکومەتەکانی فەرەنسا و ئێران دەکەن بۆ بردنەوەی تەرمەکان هاوکارییان بکەن.
جەمشید پەرویزی، بەڕێوەبەری رۆژئاوای ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت، "هاوکارەکانمان لە دەرەوەی وڵات بۆ ناسینەوەی تەرمەکان هاوکارییان کردوون، بەڵام لە رووی ماددییەوە ناتوانن هاوکاری بۆ گواستنەوەی تەرمەکان بکەن، چونکە پارەیان نییە."
بەڵام کەسوکاری ئەو بنەماڵەیە پشتڕاستیان نەکردەوە کە بەرپرسانی ئێرانی بۆ ناسینەوەی تەرمەکان هاوکارییان کردبن.
سیباستیان پیو، داوکاری ناوچەی دانکێرکی فەرەنسا دەڵێت، "گومانلێکراوێکیان بە هۆکاری مردنی کەسانە گرتووە." بەڵام یەکێک لە رزگاربووانی ئەو رووداوە دەڵێت، "ئەوەی گیراوە قاچاخچی نەبووە، ئەویش وەک ئێمە پەناخواز بووە و تەنیا لە رووی ناچارییەوە بەلەمەکەی لێخوڕیوە."
لەو 22 کەسەی لەو بەلەمەدا بوون، 21 کەسیان خەڵکی سەردەشت بوون. شارێک کە بە گوتەی کەمال حوسێنپوور، پەرلەمانتار، جگە لە سنوورەکان هیچ دەرفەتی دیکەی بۆ دابینکردنی بژێوی نییە، نە کارگە و نە کشتوکاڵیش.
بە گوتەی نوێنەری سەردەشت هەر ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا زیاتر لە هەزار کەس کۆچ بکەن. لە شارێکدا کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 70 هەزار کەسە.
سەرەڕای ئەو دژوارییانە، ئەوان چارەنووسی خۆیان بەو گەشتەوە گرێداوە، ئەوان داهاتوویەکی باشتر لەوبەری ئاوەکانەوە دەبینن.
rudaw -
