سیاسەتمەدارێکی رۆژئاوای کوردستان: جگە لە پەکەکە هیچ لایەنێکی کوردی نەخراوەتە ناو لیستی تیرۆر

سیاسەتمەدارێکی رۆژئاوای کوردستان: جگە لە پەکەکە هیچ لایەنێکی کوردی نەخراوەتە ناو لیستی تیرۆر
سیاسەتمەدارێکی رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیەنێت، بە درێژایی مێژوو، جگە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هیچ لایەنێکی کوردی نەخراوەتە ناو لیستی تیرۆر.

رەدیف مستەفا، مافناس و سیاسەتمەداری کورد لە رۆژئاوای کوردستان رايگەیاند، کردە تیرۆریستییەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، کە بە داوای دەزگا هەواڵگرییە بێگانەکان ئەنجامی دەدات، بەردەوامن.

رەدیف مستەفا هەروەها رایگەیاند، پەکەکە بە هەموو گرووپ و رێکخراوەکانییەوە، ”رێکخراوی تیرۆریستین“، کە بە درێژایی مێژوو، ئەو نازناوە جگە لە پەکەکە، بۆ هیچ لایەن و رێکخراوێکی کوردستانی بەکار نەهێندراوە.

ئەو مافناسە جەختی لەوە کردەوە، کە پەکەکە گەلی کوردستان وەک سووتەمەنی بۆ بەرژەوەندیی حزبیی خۆی بەکار دەهێنێت و سیاسەتی سووتاماککردنی خاکی کوردستان پەیڕەو دەکات.

رەدیف مستەفا بوونی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بۆ پەیوەندیی لەمێژینەی ئەو حزبە بە رژێمی بەعسی عێراقی و سووری گەڕاندەوە و رایگەیاند، بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان خزمەتکردنە بە داگیرکەر و دوژمنانی کوردستان.

هەروەک ئەو سیاسەتمەدارە رایگەیاند، پێویستە پەکەکە خاکی هەرێمی کوردستان بەجێ بهێڵێت و چیتریش خۆی نەکاتە خاوەنی رۆژئاوای کوردستان و لەسەر هێزە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیش پێویستە داوای دەرچوونی پەکەکە لەو دوو پارچەیەی کوردستان بکەن.

رەدیف مستەفا ئاماژەی بەوەش کرد، کە پەکەکە لە سەرەتای دامەزراندنی کیانی هەرێمی کوردستان، دژایەتیی خۆی بۆ ئەو هەرێمە راگەیاند، ”ئەوان خاوەنی رستەی -هەرێمی کوردستان خەنجەرێکە و لە نەتەوەی عەرەب درا-ن، ئێستاش چونکە ناتوانن بە کردەی سەربازی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بووەستن، هەوڵ دەدەن بە تیرۆر و شەڕی ئابووری، دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن.













باسنيوز


Top