بەرپرسێکی حزبی سۆسیالیست: عەرەبە هاوردەكان بەرۆكی كورد بەر نادەن
سەرباری ئەوەی بەشێكی بەرچاو لە جووتیارانی كوردی سنووری داقووق و دووبز و لەیلان و چەند شوێنێكی تر خاوەنی تاپۆی ڕەشن، بەڵام لەكاتی بەعسدا بە شێوەی گریببەست زەویی جووتیارانی كورد دەراوەتە عەرەبە هاوردەكان و دوای ساڵی 2003 ئەو عەرەبانە گەڕانەوە زێدی خۆیان، بەڵام لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت گرێبەستی كشتوكاڵی بۆ عەرەبە هاوردەكان نوێ دەكرێتەوە و دوایین كردەوەی عەرەبە هاوردەكانیش دوێنێ هەینی بوو كە چوبونە سنووری گوندەكانی ناوچەی هەفتەغاری كوردنشینی سنووری داقووق بۆ ئەوەی زەوی جووتیارانی كورد بكێڵن.
لەمبارەوە، ئەمڕۆ شەممە 31/10/2020، ڕەسووڵ ڕەئووف، بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئێستا عەرەبە هاوردەكان كە هەڵدەكوتنە سەر زەویی جووتیارانی كورد هەڵبەتە هەندێك بڕیاریان پێیە كە پێشتر و ئێستاش كورد نەیتوانیوە لە بەغدا ئەو بڕیارانە هەڵوەشێنێتەوە، بۆیە تاكوو ئەم ناوچانە وەكوو ناوچەی كێشەلەسەر بمێنێت، ئەو كێشەیە كۆتایی نایەت".
گوتیشی: "زۆربەی جووتیارانی سنووری كەركووك تاپۆی ڕەشیان هەیە، بەڵام حكوومەت بە شێوەی گرێبەست ئەو زەوییانەی داوەتە عەرەبە هاوردەكان و لە رێگای دادگاوە گرێبەستەكانیان بۆ نوێ دەكەنەوە".
باسنیوز
