خێزانێک لە رێگەی بەریتانیان ماڵ و گیانیان دانا و کەسوکاریان پارەی هێنانەوەی تەرمەکانیان نییە

خێزانێک لە رێگەی بەریتانیان ماڵ و گیانیان دانا و کەسوکاریان پارەی هێنانەوەی تەرمەکانیان نییە
کەسوکاری رەسوول ئێران نەژاد کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو خۆی و هاوژین و سێ منداڵەکەی لە کەناڵی ئینگلیزیی (مانش) نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بەلەمەکەیان نقومبوو و خنکان دەڵێن، پارەی گەڕانەوەی تەرمەکانیان نییە و داوای هاوکاریی دەکەن.

سەلام ئیبراهیمی کەسی نزیکی بنەماڵەی رەسوول ئێران نەژادە بە رۆژنامەی شەرقی ئێرانی راگەیاندووە؛ خێزانی قوربانیانی ئەو رووداوە پارەی ئەوەیان نییە تەرمی قوربانیان بگەڕێننەوە بۆ کوردستان و لە شاری سەردەشت بیاننێژن.

دوای ئەوەی کەسوکاری ئەو خێزانە پێنج کەسییەی سەردەشت بەهۆی بڵاونەبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی خێزانەکە لە میدیا نێوخۆییەکانی ئێران رەتیانکردەوە قسە بۆ رۆژنامەی شەرق بکەن، سەلام ئیبراهیمی بە نوێنەرایەتیی برای رەسوول ئێران نەژاد قسەی کردووە دەڵێت، "تەرمی کوڕە 15 مانگەکەی رەسوول هێشتا نەدۆزراوەتەوە و خێزانەکەی لە هەوڵی گەڕاندنەوەی تەرمەکاندان".

ئەو خێزانە بە گوتەی سەلام ئیبراهیمی پارەی گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان نییە و داوایان لە نوێنەری سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران کردووە و ئەویش بەڵێنی یارمەتی پێداون. نوێنەری سەردەشت گوتوویەتی "گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیان پێویستی بە 300 ملیۆن تمەن پارەیە" و خێزانی قوربانیان دەڵێن هەرچییان بووە بۆ کۆچی قوربانیان بۆ ئەورووپا فرۆشتوویانە و ئێستا ئەو پارەیان نییە.

جەمشید پەروێزی، سەرۆکی ئیدارەی کۆنسوڵی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەی شەرقی راگەیاندووە؛ تێچووی گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیان زۆر زیاترە لە تێچووی تیکتی گەشتیارێک. دەشڵێت، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناتوانێت یارمەتی ئەو خێزانە بدات بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییان، چونکە پارەی بۆ ئەو جۆرە بابەتانە نییە و دەبێ خێزانەکە یان تێچووی گەڕاندنەوەی تەرمەکان بدەن، یان رێگە بدەن هەر لە فەرەنسا بنێژرێن.

رەسوول ئێران نەژاد خەڵکی شاری سەردەشتە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەگەڵ هاوژینەکەی و سێ منداڵەکەیاندا هەوڵی دابوو لە رێگەی کەناڵی مانشەوە، لە فەرەنساوە خۆی بگەیێنێتە بەریتانیا، رۆژی چوارشەممە هەر لەو کەناڵەدا خنکان و تەرمی منداڵە بچووکەکەیان کە یەک ساڵانە هێشتا نەدۆزراوەتەوە.

ئەو کەناڵەی خێزانەکەی سەردەشتی تێدا خنکان بەریتانیا بە "کەناڵی ئینگلیزی" ناوی دەبات، فەرەنساش پێی دەڵێت کەناڵی مانش.


رووداو
Top