کەنەدا وەرگرتنی 200 هەزار پەنابەری دیکە رادەگەیێنێت

کەنەدا وەرگرتنی 200 هەزار پەنابەری دیکە رادەگەیێنێت
کەنەدا بەنیازە ژمارەی پەنابەرانی وڵاتەکەی لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا زیاد بکات، ئەوەش دوای کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەمساڵدا روویان لە وڵاتەکە کردووە.

مارکۆ میندیسینۆ، وەزیری کۆچی کەنەدا رایگەیاند، ژمارەی پەنابەرانی وەرگیراو لە کەنەدا لە ساڵانی 2021 تا 2023 زیاد دەکەن، ئەوەش دوای پاشەکشەی ژمارەی پەنابەرانی ئەمساڵ بۆ وڵاتەکە بەهۆی کۆرۆناوە.

وەزیرە کەنەدییەکە رایگەیاند، وڵاتەکەی نیازی پێشوازیکردن لە 1.2 ملیۆن پەنابەری لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا هەیە، ئەمەش زیادکردنی 200 هەزار پەنابەری دیکەیە لە کۆی ئەو ژمارەیەی پێشتر وڵاتەکە بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رایگەیاندبوو.

میندیسینۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، ئەمساڵ کەنەدا تەنیا 341 هەزار پەنابەری وەرگرتووە، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و داخستنی سنوورەکان و هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر.

پێشبینیدەکرێت لەسەرەتای 2021دا دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و بەوەش پلانی کۆچی ئاشکرا بۆ وڵاتەکە، کە پشت بە گەشەی ئابووری و بەیەکگەیاندنەوەی ماڵباتەکان و پێشوازی پەنابەران دەبەستێت، ئاسایی دەبێتەوە.

بۆ قەرەبووکردنەوەی ژمارەی پەنابەرانی گەیشتوو بە وڵاتەکە لە 2020دا، حکومەتی کەنەدا بەنیازە مافی مانەوەی هەمیشەیی بداتە کرێکارانی کاتی، داواکارانی مافی پەنابەرێتی و ئەو خوێندکارە بیانییانەی لە وڵاتەکەدا دەخوێنن.

وەزیری کۆچی کەنەدا روونیکردەوە، "گەیشتووە نوێیەکان رۆڵی گەورەیان هەبووە لە مامەڵەکردنمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆڤید 19" و گوتی "پەنابەران رۆڵی گرنگیان لە سیستمی تەندروستی وڵاتەکەدا هەیە و هۆکارێکن بۆ باشترکردنی دۆخی نەخۆشخانە و خانەکانی چاودێری بەساڵاچووان".




رووداو
Top