جووتیارێکی باڵەکایەتی: سێوەکانم سوور و جوانن، حەیف پارە ناکەن
ئەمساڵ باخەکانی سێو لە باشووری کوردستان بەرێکی زۆریان گرتووە، بەڵام بەهۆی ساخنەبوونەوەوە خەریکە بە دارەوە دەڕزێن و نافرۆشرێن. جووتیاران دەڵێن بە فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بڕی تێچووشیان بۆ ناگەڕێتەوە، بۆیە هەر بەدارەوە ماونەتەوە و نایانڕنن.
ئەمساڵ ساڵی سێوە و دارەکان بە قەد گەڵاکان بەریان گرتووە، بەڵام ئەو زۆریی بەرە نەبووەتە جێی دڵۆخشیی باخەوانی ئەو 15 دۆنم باخە سێوەی گوندی زینوەی شێخی باڵەکایەتی.
محەممەد مستەفا، جووتیارە و دەڵێت، "من 18 ساڵە لەگەڵ ئەم باخەدا خەریکم، چاندوومە و پێیەوە زەحمەت دەکێشم. ساڵانە نزیکەی شەش ملیۆن دینار خەرجیمە؛ لە رشاندن و کێڵان و بڕینی، کەچی ئێستا لە عەلوەکان کەمتر لە 250 دینار دەکات. ئەوە کەی رەوایە؟"
مەجید نەبی خاوەن باخێکی پێنج دۆنمیی سێوە لە شارۆچکەی حاجی ئۆمەران. 25 تۆنی بردووەتە عەلوەی هەولێر و دەڵێت، رەنجبەخەسار هاتووەتەوە. نزیکەی 30 تۆنی دیکەی سێوی بە دارەوە ماوە و دەستی تێی ناچێت لێی بکاتەوە.
مەجید نەبی، جووتیارە و دەڵێت، "لێی بکەمەوە بیبەمە هەولێر و بیفرۆشم، بەشی هەقدەستی کرێکار ناکات. ئاخر ئەوە رەوایە دوای 17 ساڵ خزمەتکردنی باخەکەم، بەرهەمی ساڵانەم ببەمە بازاڕ و زەرەر بکەم؟ یەک کیلۆ سێو لەسەر من 500 دینار کەوتووە. ئێستا سێو لە بازاڕدا بە 350 تا 400 دینارە. یانی لە هەر کیلۆێک 100 دینارم زەرەرە."
کەمیی ساردخانە، گرانیی نرخی هەڵگرتن و نەبوونی کارگە بۆ بەپیشەسازیکردنی ئەو بەرهەمە وایکردووە بە هەر نرخێک بێت بە بازاڕ بکرێت.
لە باخێکی دیکەی گوندی ئازادیی چۆمان کە رووبەرەکەی هەشت دۆنمە، نزیکەی 60 تۆن سێوی گرتووە. سەنگەر عەبدوڵڵا بەرەکەی بە شەش ملیۆن دینار کڕیوە.
سەنگەر عەبدوڵڵا، کڕیاری سێوە و دەڵێت، "خۆوشانس کڕیومە و لێی دەکەمەوە. بە تەمای خوا، چونکە بە راستی پارە ناکات. تۆ سەیری ئەم سێوە جوانە بەبێ داودەرمان سوور و جوان بووە، بەڵام حەیف پارە ناکات."
هەرچەند بۆ پشتیوانیی بەرهەمی ناوخۆ باجی زۆر خراوەتە سەر سێوی بیانی، بەڵام سێوی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە هەمان نرخی سێوی خۆماڵی لە رێگەی عێراقەوە دێنەوە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
باپیر وەرتی، جووتیارە و دەڵێت، "کیلۆی 500 دینار و 400 دینارە. سێوەکانم نافرۆشرێن. هۆکارەکەشی سێوی ئێرانە کە وایکردووە سێوەکانی ئێمە بۆ شارەکانی عێراق نەچن و نەبنەوە پارە."
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ رووبەری باخداری لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 500 ههزار دۆنمه، بهڵام ئاماری دروست نییه کە لهو رووبهره چهندی سێوه. ساڵانه له بازاڕهكانی هەرێمی كوردستاندا نزیکەی 200 هەزار تۆن سێو ساخ دهبێتهوه و تهنیا 25٪ـی بهرههمی خۆماڵییه.
rudaw -
