هێزە ئەمنییەکانی حەفتەغار واز لە عەرەبی هاوردە دەهێنن و جووتیاری کورد دەستگیر دەکەن

هێزە ئەمنییەکانی حەفتەغار واز لە عەرەبی هاوردە دەهێنن و جووتیاری کورد دەستگیر دەکەن


جارێکی دیکە عەرەبی هاوردە چوونەوە سنووری حەفتەغار، وەک هەموو جارێک کوردی ناوچەکە ویستیان رێگری بکەن لەوەی ئەو عەرەبانە زەوی و زارەکانیان لێزەوت بکەن، هێزە سەربازییەکان لە ناوچەکە بوون، بەڵام عەرەبە هاوردەکانیان ئیزن داوە و ژمارەیەک جووتیاری کوردی ناوچەکەیان دەستگیرکرد.

تاوەکو پێش ئەوەی جووتیارانی کوردیان لێ کۆببێتەوە، عەرەبە هاوردەکان پارچە زەوییەکیان کێڵا کە موڵکی کوردانی ئاوایی فەریقە لە سنووری حەفتەغار. جووتیاری کورد بەوەیان زانی و رێگرییان لێکردن.

هێزە سەربازییەکان بۆ نێوەندگیری چووبوون، عەرەبە هاوردەکانیان ئیزن دا و، ژمارەیەک جووتیاری کوردیشیان دەستگیرکرد. کوردانی ناوچەکە چەندین جارە رێگری لە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان دەکەن.

نووری جەبار، موختاری ئاوایی فەریقە و دەڵێت، "چوار تراکتۆریان هێنابووە ناو زەوییەکانی ئاوایی فەریق. هاتن جووت بکەن. جووتیشیان کرد، بە هیممەتی خەڵکی گوندەکە رێگرییان لێکرا. دواتر هێزەکە هاتن ئێمەیان دەستگیرکرد."

ئەوانەی هەوڵی دەستگرتن بەسەر زەویی ناوچەی حەفتەغاردا دەدەن پێیان دەگوترێت هۆزی ئەبوعەلگە. ساڵانێکی زۆری سەردەمی حکومەتدارێتیی سەددام ئەو زەوییانەیان پێدرابوو.

کوردانی ئەو ناوچانە کە خاوەنی راستەقینەی زەوییەکانن، هەموو بەڵگەیەکی فەرمییان هەیە. رێککەوتنێکیان بە ئاگاداریی هێزەکان کردووە تاوەکو کێشەی زەوییەکانیان لە دادگە یەکلایی نەکرێتەوە هیچ لایەکیان کاری لەسەر نەکەن، بەڵام عەرەبە هاوردەکان رێککەوتنەکەیان شکاند و، هێزە ئەمنییەکانیش ئاسانکارییان بۆ دەکەن.

عومەر محەمەد، خاوەنی زەویوزارە لە گوندی فەریق و دەڵێت، "نووسراوێکیان پێیە هی کشتوکاڵی کەرکووکە و دەڵێن 'ئەمە کارایە.' ئێ وتم، 'ئەوەی منیش کارایە و ئەوە بەڵگەکانمانە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە تا 2023 بۆمان تازەکراوەتەوە.'"

ئەو عەرەبە هاوردانە دوو ساڵ لەمەوبەر بە نووسراوێکی پارێزگاری بەوەکالەت و بە چاوساغیی هێزەکانی ناوچەکە گەڕێندرانەوە سنووری حەفتەغار. ئێستا بەهۆی چاوتێبڕینی ئەوانەوە نزیکەی حەوت هەزار دۆنم زەوی لە خاوەنەکانیان دابڕێنراون و بەکارناهێنرێن.

ئیدریس حاجی عادل، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک راگەیاند، "بەردەوام رۆژانی پشوو، هەینی و جەژن، دێن. راکان جبووری و هێزەکان لەگەڵ ئەوەن سنوورەکە بەعەرەب بکرێتەوە. دیارە ئەو رێککەوتنانەی دەکرێن، لە ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک دەیانکەن. کێشەی ئێمە یاسایی و دەستوورییە نەک سەربازی."

لە سەردەمی حوکمڕانیی بەعسدا 23 کۆمەڵگەی بەعەرەبکردن لە ناوچەی حەفتەغاری سەر بە قەزای داقووقی پارێزگای کەرکووک دروستکران. ئێستا کە ناوچە کوردییەکان لەژێر گوشارێکی زۆردان و خەڵکەکەیان جێیان دەهێڵن، عەرەبە هاوردەکان پەیتاپەیتا دەچنەوە سنوورەکە و کارئاسانییان بۆ دەکرێت.
rudaw -
Top