نێچیرڤان بارزانی بۆ بنەماڵەی سەعدوڵڵا پەرۆش: هاوخەمتانم

نێچیرڤان بارزانی بۆ بنەماڵەی سەعدوڵڵا پەرۆش: هاوخەمتانم


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵەی سەعدوڵڵا پەرۆش، نووسەر و شاعیری دیاری هەولێر کرد و پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی و سەرجەم نووسه‌ران و رۆشنبیرانی کوردستان دەکات و دەڵێت "هاوخه‌میانم".

هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی نووسەر و شاعیرەکە کردووە و دەڵێت "هاوبەشی خەمیانم".

چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، سەعدوڵڵا پەرۆش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و چارەسەری وەردەگرت. شاعیر و نووسەر رێدار سابیر راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2020 نووسەر و شاعیر سەعدوڵڵا پەرۆش کۆچی دواییکردووە.

سەعدوڵڵا سەعید مام شێخ، ناسراو بە سەعدوڵڵا پەرۆش، لەدایكبووی ساڵی 1950یە لە هەولێر، تاوەکو ئێستا چەند نامیلکە و دیوان و کتێبی چاپ و بڵاوکردووەتەوە.

دەقی پرسەنامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

پرسه‌نامه‌یه‌ک له‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌

بە داخەوە هەواڵی کۆچی دواییی شاعیر و نووسه‌ری دیار، (سەعدوڵلا پەرۆش)م بیست.

پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی و لە سەرجەم نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی کوردستان دەکەم و هاوخه‌میانم.

خوای مەزن سەبووری و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت و خوالێخۆشبوو بخاتە بەر بەزەیی و میهرەبانیی خۆی.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
٢٠٢٠/١٠/٢٩

دەقی پرسەنامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

پەیامی سەرەخۆشی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بنەماڵەی نووسەر و شاعیری ناسراو سەعدوڵڵا پەرۆش

بە داخەوە هەواڵی كۆچی دوایی نووسەر و شاعیری ناسراوی کوردستان (سەعدوڵڵا پەرۆش)م پێگەیشت. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەكەی دەكەم و هاوبەشی خەمیانم. خوای گەورە گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامیی بە كەسوكار و هاوڕێیانی ببەخشێت .

مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
rudaw -
Top