جێگری پارێزگاری دیالە: داعش سەری هەڵداوەتەوە و بە حكوومەتی عێراقمان گوتووە ناوچە كوردستانییەكان پێشمەرگەی پێویستە

جێگری پارێزگاری دیالە: داعش سەری هەڵداوەتەوە و بە حكوومەتی عێراقمان گوتووە ناوچە كوردستانییەكان پێشمەرگەی پێویستە


جێگرە كوردەكەی پارێزگاری دیالە، ئاشكرای دەكا كە لە دیالە بە گشتی و ناوچە كوردستانییەكانی سنوورەكە بە تایبەتی، تیرۆریستانی داعش دەستیان بە چالاكی كردووەتەوە، هۆشداریشیان بە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق داوە، كە ناوچەكە "پێشمەرگەی پێویستە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 29/10/2020، كەریم عەلی ئاغا، جێگری پارێزگاری دیالە، راكەیاند: "ماوەیەكە لە تەواوی ناوچەكانی دیالە، بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكان، تیرۆریستانی داعش بە شێوەیەكی بەرچاو جموجۆڵیان زیادی كردووە و كردەوەی تیرۆیستی ئەنجام دەدەن."



گوتیشی : "ئەمڕۆ لەكاتی سەردانی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراقدا، بە روونی گوتمان داعش تەنیا توانای دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیەك یان چەند گوندێكی نییە، ئەگەر نا هاوشێوەی ساڵانی پێشوو دەستی كردووە بە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی."



جێگری پارێزگاری دیالە، كە لە پشكی كوردە، راشی گەیاند:" بەرپرسانی حكوومەتی ناوەند و پەرلەمانتاران و فەرماندەكانی وەزارەتی بەرگریی عێراقمان ئاگادار كردووتەوە، كە تەواوی ناوچە كوردستانیەكانی دیالە پێشمەرگەی پێویستە و "دەبێ پەلە بكرێ لەهەنگاوەكانی پێكهێنانی هێزی هاوبەش لەوناوچانە."



ئەم هۆشدارییەی جێگری پارێزگاری دیالە، لە كاتێكدایە پێش 2 رۆژ تیرۆیستانی داعش لە سنووری شارەبان شوانێك وهەندێك گامیشیان بۆمبڕێژ كرد و بە هۆی تەقینەوەوە شوانەكە گیانی لە دەست دا، لە كاتی هەوڵدان بۆ بردنەوەی تەرمی شوانەكە و دوورخستنەوەی گامێشەكان، چەند بۆمبێك تەقینەوە و چوار كەس گیانیان لەدەست دا.








باسنیوز
Top